کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هێزەکانی ڕێژیم لە بەندیخانەی قزڵحەسار هەڵیانکوتایە سەر بەندی بەندکراوانی سیاسی

10:15 - 7 گەلاوێژ 2725

پەیجی ئینستاگرامی "ئەحمەد ڕەزا حائێری"، زیندانیی سیاسی، هەواڵی هەڵمەتێکی توندوتیژی پاسەوانانی بەندیخانەی قزڵحەسار لە کەرەج بۆ سەر بەندی بەندکراوانی سیاسیی بڵاو کردەوە.

ڕۆژی شەممە ٤ی گەلاوێژی ساڵی ١٤٠٤، پاسەوانانی بەندیخانەی قزڵحەسار لەگەڵ هێزە بەناو ئەمییەکان، هێرشیان کردە سەر بەشی سیاسیی بەندیخانەکە و بە تەواوی لەناویان برد. لەم هەڵمەتەدا دوو بەندکراوی سیاسی بە ناوەکانی "بێهرووز ئێحسانی" و "مێهدی حەسەنی" بۆ ژووری تاکەکەسی گواسترانەوە و بەرەبەیانیی یەکشەممە ٥ی گەلاوێژی ١٤٠٤ حوکمی لەسێدارەدانیان جێبەجێ کرا. هەروەها "سەعید ماسووری" بۆ بەندیخانەی زاهێدان دوور خراوەتەوە و سەبارەت بە چارەنووسی بەندکراونی سیاسیی دیکە هیچ زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، سەرجەم بەندکراوانی سیاسی لە یەکەی ٤ی بەندیخانەی قزڵحەسار بۆ شوێنێکی نادیار گواستراونەتەوە و لە ئێوارەی هەینییەوە هیچ پەیوەندییەکیان لەگەڵ بنەماڵەکانیان نەبووە. ئەم پچڕانی پێوەندییە نیگەرانیی بنەماڵەکان لەمەڕ تەندروستی و ژیانی بەندکراوانی بە دواوە بووە.

ئەم هێرشە ڕێکخراوە بە فەرمانی بەرپرسانی باڵای بەندیخانە و بە بەشداریی ڕاستەوخۆی زیاتر لە ١٠٠ هێزی چەکداری گاردی تایبەت و بریکارەکانی وەزارەتی ئیتلاعات ئەنجام دراوە.

ئەم هەڵمەتە لەلایەن ئەڵڵاکەرەم عەزیزی بەرپرسی بەندیخانە و حەسەن قوبادی جێگری بەرپرسی بەندیخانە و ئیسماعیل فەرەجنژادەوە سەرپەرستی کراوە.

شایەتحاڵەکان باسیان لە لێدانی توندی بەندکراوانی سیاسی و گواستنەوەیان بۆ ژووری تاکەکەسی یان شوێنی نادیار کردووە. بەشی زیندانییانی سیاسی لە یەکەی چوار دوای ئەم هێرشە بەتەواوی ڕووخا .

بەگوێرەی سەرچاوە ئاگادارەکان، سەرجەم بەندکراوانی سیاسی بۆ شوێنێکی نادیار گواستراونەتەوە و ژیانیان لە مەترسییەکی گەورەدایە. ئەم کارە لەلایەن چالاکانی مافی مرۆڤەوە وەک هەوڵێک بۆ بێدەنگکردنی دەنگی ناڕەزایەتی لە زیندانەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران سەیر دەکرێ.