کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی پرسە و ناشتنی تەرمی خەبات ئەمینی

11:25 - 7 گەلاوێژ 2725

دوای بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی پرسەی شەهید "چیاکۆ یووسفی‌نژاد" لە گۆڕستانی حەسەناوا، تەرمی شەهید "خەبات ئەمینی" بە ئامادەبوونی بەرچاوی خەڵکی نیشتماندۆستی کوردستان لە ڕێوڕەسمێکی بەشکۆ لە گۆڕستانی بەهەشتی محەممەدیی شاری سنە  بە خاکی پیرۆزی کوردستان سپێردرا.

ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە ٦ی گەلاوێژ، لە ڕێوڕەسمێکی بەشکۆدا و بە بەشداریی هەزاران کەس تەرمی شەهید "خەبات ئەمینی" چالاکی ژینگەپارێزی کوردستان بە ئامادەبوونی بەرچاوی چالاکانی ژینگەپارێزیی کوردستان، چالاکی مەدەنی، ژینگەیی، ژنان، بنەماڵەی شەهیدان و خەڵکی شاری سنە لە گۆڕستانی بەهەشتی محەممەدیی شاری سنە بە خاکی کوردستان سپێردرا.

لەم ڕێوڕەسمەدا که بە بەشداریی هەزاران کەس لە خەڵکی ئەمەگناس و ئەرکوەخۆگری کوردستان بەڕێوە چوو، ئامادەبووان دروشمی "شەهید نامرێ" و "هەتا کوردێک بمێنێت کوردستانیش دەمێنێت"، " ژینگە و ژیان لە کوردستان، بە دەستی ئێران سووتا"، "داگیرکەری ئێرانی، بکوژی ڕۆڵەمانی" و "دایە مەگری بۆ ڕۆڵە شەرت بێ بسێنین تۆڵە"یان وتەوە.

خەڵکی تێگەیشتووی سنە وێڕای هاوسۆزی و پشتیوانی لە بنەماڵەی شەهید خەبات، بەڵێنی دڵسۆزییان بە شەهیدە نوێیەکانی کوردستان دا و جەختیان لە درێژەدان بە ڕێبازەکەیان کردەوە. ڕۆژی ٢ی گەلاوێژ، لە کاتی ئاگرکەوتنەوە بەربڵاوەکانی چیای ئاویەر، چەند چالاکوانێکی ژینگەپارێزی بە سەختی بریندار بوون و بەداخەوە بەهۆی سەختیی برینەکانیانەوە، سێ کەس لەوانە بە ناوەکانی "حەمید مورادی"، "چیاکۆ یووسفی‌نژاد" و "خەبات ئەمینی" شەهید بوون.