
لە درێژەی دەسبەسەرکرانە بەربڵاو و سەرەڕۆیانەکان لە شارەکانی کوردستان، سامان کاکەمەمی هاووڵاتیی خەڵکی نەغەدە پاش تێپەڕبوونی زیاتر لە یەک مانگ هێشتا لەلایەن ناوەندە بەناو ئەمنییەتی و ئیتلاعاتییەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەرە و سەبارەت بە چارەنووسی زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆیی "هەنگاو" سامان کاکەمەمی، چالاکی مەدەنیی خەڵکی شاری نەغەدە کە ٣٢ ڕۆژ پێش لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کرابوو، هێشتا لە ئیتلاعاتی ورمێ دەسبەسەرە و سەبارەت بە چارەنووسی زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.
ئەم هاووڵاتییە تەمەن ٣١ ساڵە، سەرەڕای تووشبوون بە نەخۆشیی شەکرە، لە دەستڕاگەیشتن بە دەرمانی پێویست بێبەری کراوە کە ئەمە نیگەرانییەکان سەبارەت بە دۆخی ناوبراوی پەرە پێ داوە.
هەروەها سامان کاکەمەمی لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر و پێوەندیی تلفۆنی لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەری بووە و بەدواداچوونی بنەماڵەکەی بۆ ئاگاداربوونەوە لە چارەنووسی کوڕەکەیان تاکوو ئێستا بێئاکام بووە.
سامان کاکەمەمی ڕۆژی پێنجشەممە ٥ی پووشپەڕ و لە دوای هێرشی توندوتیژانەی هێزە سەرکوتکەرەکانی ئیتلاعاتی ڕێژیم بۆ سەر ماڵەکەی دەسبەسەر کراوە.