
لە درێژەی هەوڵە بەردەوامەکانی ڕێژیم بۆ بەتاڵانبردنی سامانە سروشتییەکان لە کوردستان، بەتایبەت کانگاکانی زێڕ لە ناوچەی سەقز، ڕۆژی سێشەممە ٧ی گەلاوێژ ڕاپۆرتێک لەلایەن چەند چالاکێکی ژینگەییەوە بە دەستی ژووری هەواڵی ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران گەیشتووە کە باسی هێندێک لە وردەکارییەکانی بەتاڵانبردنی زێڕی کانگاکە دەکات.
لە سەرەتای ڕاپۆرتەکەدا بە ئاماژەدان بە سیاسەتەکانی ڕێژیم لەهەمبەر کوردستان وەک کوشتن، تواندنەوەی کولتووری و بەتاڵانبردنی سامانە سروشتییەکان، داوا کراوە کە ئەم هەوڵانەی ڕێژیم لە ڕێگەی کاناڵە میدیاییەکانەوە لەقاو بدرێت.
سەرچاوەکە سەبارەت بە وردەکاریەکانی بەتاڵانبردنی زێڕی کانگای مێرگەنەخشینە هێناویەتی کە لە ئێستادا شیرکەتی "جەهادی نەسری کوردستان" لە ژێر ناوی شیرکەتی "کاوشگەرانی نەقشینەی زاگرۆس" لەم کانگایەدا چالاکی دەکات.
ڕاپۆرتەکە شی دەکاتەوە کە جەهادی نەسر خۆی ژێربەشی شیرکەتی "تەلاشگەران"، سەر بە سپای پاسدارانە و بۆ داپۆشینی ئەم گرێدراوییە بە سپای پاسدارانەوە، ناوی خۆی بۆ کاوشگەرانی نەقشینەی زاگرۆس گۆڕیوە و لە کۆتاییەکانی ساڵی ١٤٠٢ی هەتاوییەوە لەسەر ئەم کانگایە کار دەکات
سەرچاوەکە نووسیویەتی: "بارهەڵگرەکانی ئەم شێرکەتە لە ڕێگای گوندی وزمەڵەوە دەبێت هاتوچۆ بکەن کە ناڕەزایەتی خەڵکی ئەم گوندەی لێ کەوتووەتەوە و ڕێژیم بۆ بێدەنگکردنی خەڵکی ناڕازی بەڵێنی نۆژەنکردنەوەی گوندەکانی مێرگەنەخشینە و وزمەڵەی داوە".
جێی ئاماژەیە کە خەڵکی ئەم دوو گوندە دەستیان لە دەربڕینی ناڕەزایەتی لەهەمبەر بەتاڵانبردنی زێڕی کانگاکە هەڵنەگرتووە و لە ماوەی ڕابردوودا لەلایەن سەرکوتکەرانی ڕێژیمەوە هێرش کراوەتە سەریان و دۆسییەی دادوەری بۆ چەند کەسێک لە دانیشتووانی ئەم دوو گوندە کراوەتەوە.
ڕێکەوتی ١٧ی پووشپەڕی ئەمساڵ خەڵکی گوندی وزمەڵە بە مەبەستی دەربڕینی ناڕەزایەتیی خۆیان بە چالاکییەکانی کانگای زێڕی مێرگەنەخشینە، ڕێگەی بارهەڵگرەکانی ئەم کانگایان کە بە نێو گوندەکەدا تێپەڕ دەبوون داخستبوو.
پاش لەم هەوڵە، هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم دەچنە نێو گوندەکەوە و بە گازی فرمێسکڕێژ بەرەوڕووی خەڵکی ناڕازی دەبنەوە و لە ڕۆژانی دواتردا چەند ناڕازی دەسبەسەر دەکرێن و دواتریش لە ڕێکەوتی ٣٠ پووشپەڕدا دەیان کەس لە خەڵکی گوندەکە لەلایەن دادگای سەقزەوە بانگ دەکرێن.
ڕاپۆرتەکە لە بەشێکی دیکەدا و بە ئاماژەدان بە هەوڵەکانی شیرکەتی جیهادی نەسر بۆ بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ خەڵکی ناڕازی ڕایگەیاندووە کە ئەم شیرکەتە لە ساڵی ڕابردووەوە پارێزەرکی بە ناوی "ب.ئ" دیاری کردووە تاکوو لە ڕێگەی پڕۆسەی دادوەرییەوە سکاڵا بە دژی خەڵکی ناڕازی تۆمار بکات.
هەروەها باس لەوەش کراوە بەکریگیراوێکی ڕێژیم بە ناوی "ک.ئ" کە خۆی یەکێک لە فەرمانبەرانی شیرکەتەکەیە ڕۆڵێکی سەرەکیی لە گوشارخستنەسەر خەڵکی گوندەکە هەیە.
ناوی ئەم دوو کەسە لەلایەن ژووری هەواڵی ناوەندی ڕاگەیاندنەوە پارێزراو دەمێنێتەوە.
بە وتەی ئەم سەرچاوە تاکوو ئیستا بڕی ١٢٠ میلیارد تمەن سزای نەختی بە سەر بەشێک لە دانیشتوانی ئەم دوو گوندە سەپێندراوە کە سەبارەت بە تاڵانکارییەکانی ڕێژیم ناڕەزایەتییان دەربڕیوە.
ڕاپۆرتەکە لە کۆتاییدا جەختی کردووەتەوە کە ئەم دەسبەسەرکران و سزایانە بۆ چاوترسێنکردن و بێدەنگکردنی خەڵکی ناوچەکەیە و پشتڕاستیشی کردووەتەوە کە ماوەی ڕابردوودا هێزێکی تایبەت بۆ پاراستنی بارهەڵگرەکانی کانگاکە لە ناوچەکەدا جێگیر کراوە.