کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕەخنەی ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان لە بەرزبوونەوەی ژمارەی لەسێدارەدان لە ئێران

16:39 - 7 گەلاوێژ 2725

دوابەدوای لەسێدارەدانی دوو بەندکراوی سیاسی و هۆشداری سەبارەت بە مەترسیی لەسێدارەدانی نزیکەی ١٢ کەسی دیکە، شەپۆلێکی کاردانەوە و ڕەخنەی نێودەوڵەتی لەسەر بەرزبوونەوەی بێوێنەی ئێعدامەکان لە ئێران سەری هەڵ داوە.

ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی نیگەرانیی خۆیان لەم بارەوە دەربرێوە و کۆماری ئیسلامییان بە پێشێلکاریی بەربڵاوی مافی مرۆڤ و کەڵکوەرگرتن لە ئێعدامەکان وەک ئامرازێک بۆ سەرکوتی سیاسی تاوانبار کردووە.

کۆمیساری باڵای مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان لە بەیاننامەیەکدا سەبارەت بە بەرزبوونەوەی شەپۆلی لەسێدارەدان دوای شەڕی ١٢ ڕۆژە هۆشداریی داوە وویرای دەربڕینی نیگەرانی لە پێشێلکردنی مافی ژیان لەلایەن ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە خوازیاری ڕاگرتنی خێرای جێبەجێکردنی حوکمی سێدارە بوو.

فولکر تورک، ئاماژەی بەوەش کردووە کە لە نیوەی یەکەمی ئەمساڵەوە لانیکەم ٦١٢ کەس لە ئێراندا لە سێدارە دراون کە ئامارەکە بە بەراورد لەگەڵ ماوەی هاوشێوە لە ساڵی ڕابردوو زیاتر لە دوو هێندە بەرز بووەتەوە.

بە وتەی ناوبراو، لە ئێستادا  ٤٨ کەس مەترسیی لەسێدارەدانیان لەسەرە و ١٢ کەسیان سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپاوە.

لەو چوارچێوەیەدا ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی بەیاننامەیەکی بڵاو کردووەتەوە و لەسێدارەدانی نهێنیی دوو زیندانیی سیاسی بە ناوەکانی مێهدی حەسەنی و بێهرووز ئێحسانی لە زیندانی قەزڵحەساری بە سەرەڕۆیانە و نموونەیەک لە قەیرانی مەترسیداری لەسێدارەدران لە ئێران ناو بردووە.

ئەو دوو زیندانییە کە لە کاتی ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکانی ساڵی ١٤٠١دا دەسبەسەر کرابوون، لە دادگاییکردنێکدا کە تەنیا پێنج خولەکی خایاند و لەسەر بنەمای ئەو دانپێدانانە بوو کە لەژێر ئەشکەنجەدا بە زۆری وەریانگرتبوو، سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێندرا.

 

کریستین بێکرێل، جێگری بەڕێوەبەری ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا جەختی لەوە کردەوە کە ئەم لەسێدارەدانانە دوای ڕاگرتنی درێژخایەن و ڕەتکردنەوەی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەران و ئەشکەنجەدانی توندی جەستەیی و دەروونی ئەنجام دراون.

ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بە چڕکردنەوەی حوکمی ئێعدام لە سایەی قەیرانە سیاسی و ناوچەییەکان، لەم سزایە وەک ئامرازێک بۆ دروستکردنی ترس و تێرۆر لە کۆمەڵگەدا کەڵک وەردەگرێت.