
وەزارەتی ئیتلاعاتی ڕێژیم ڕۆژی دووشەممە ٦ی گەلاوێژ لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕایگەیاندووە کە سەدان کەس لە ئەندامەکانی سەر بە مووسادی لەنێو ئێراندا دەسبەسەر کردوون.
لەم ڕاگەیندراوەدا هاتووە کە لە ماوەی شەڕی ١٢ ڕۆژەدا، لانیکەم ٢٠ کەس لە سیخوڕەکانی سەر بە مووساد کە بە مەئموورانی ئیتلاعاتیی ڕێژیمەوە لە پارێزگاکانی تاران، ئەلبورز، قەزوین، ئەراک، ئێسفەهان، کرمان، ئەهواز، زەنجان، مازەندەران، ورمێ و سنە، گرێ درابوونەوە، دەسبەسەر کراون.
وەزارەتی ئیتلاعات لەم ڕاگەیەندراوەدا زیادیشی کردووە کە توانیویەتی پێش بە جێبەجێکردنی پلانی کوشتنی ٢٣ کەس لە بەرپرسانی ڕێژیم بگرێت.
هەروەها ئەم وەزارەتە ئیدعای ئەوەی کردووە کە پێشی بە گرووپە دژبەرەکان لە کوردستان گرتووە تاکوو بە وتەی خۆی "نەتوانن بێنە نێو ئێرانەوە".
لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا باس لە پێشگرتن بە ٣٠٠ چەکدار کراوە کە ویستوویانە لە سنووری بەلووچستانەوە بێنە نێو خاکی ئێرانەوە.
لە ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی ئیتلاعاتدا باس لەوەش کراوە کە بۆ ڕێگریکردن لە هاندانی کۆمەڵگا بەتایبەتی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا، ئەم وەزارەتە ڕۆڵێکی گرینگی گێڕاوە.
ئەم ڕاگەیەندراوە لەکاتێکدایە کە جیا لە شکستە بەرچاوەکانی ڕێژیم لە بواری هەواڵگریدا لە بەرامبەر ئیسرائیل، خودی بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی لەسەر ئەو شکستانە جەختیان کردووەتەوە و شەپۆلێکی ناڕەزایەتی لە کارکردی دەزگا ئیتلاعاتییەکانی ڕێژیم لەنێو خۆیدا دروست بووە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی میدیاکانی خودی ڕێژیم، ئیسرائیل هێرشی کردووەتە سەر کۆبوونەوەی بەرپرسانی ڕێژیم لە باڵاترین ئاستدا کە سەرۆکانی هەر سێ دەسەڵاتی ڕێژیمی تێدا بووە.
ئەم هەواڵە نیشانی ئەدات کە ئاستی دزەکردنە نێو دامودەزگاکانی ڕێژیم، بەتایبەتی دەزگا ئیتلاعاتی و ئەمنییەکانی لەلایەن مووسادەوە، لە چ ئاستێکدایە.
ڕێژیم پاش کۆتاییهاتنی شەڕ بەمەبەستی دەسبەسەرکردنی ئەندامانی مووساد لە ئێران، خاڵی پشکنینی لەسەر شەقامەکان جێگیر کردبوو تاکوو لە ڕێگەی پشکنینی ماشینی هاووڵاتییانەوە بتوانێت سیخوڕەکانی ئیسرائیل بدۆزێتەوە.