
دۆناڵد ترامپ، ڕۆژی دووشەممە ٦ی گەلاوێژ هۆشداریی دا کە ئەگەر تاران هەوڵی کاراکردنەوەی ئەو دامەزراوانە بدات کە مانگی ڕابردوو ئەمریکا بۆردومانی کردبوو، فەرمانی هێرشی نوێ بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران دەدات.
ترامپ ئەم هەڕەشەیەی لە میانەی وتووێژەکانی لەگەڵ کییەر ستارمێر، سەرۆکوەزیرانی بریتانیا کرد.
سەرۆککۆماری ئەمریکا بە ڕۆژنامەونانی ڕاگەیاند کە ئێران سیگناڵی ناخۆشی ناردووە و هەر هەوڵێک بۆ دووبارە دەسپێکردنەوەی بەرنامە ئەتۆمییەکەی دەستبەجێ سەرکوت دەکرێت و وتی: "ئێمە دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئەوانمان لەنێو برد. دەتوانن دووبارە دەست پێ بکەنەوە. ئەگەر ئەو کارە بکەن ئێمە خێراتر لە جووڵەی قامک، لەنێوی دەبەین.''
ڕێژیمی ئێران کە دەڵێت هەوڵی پەرەپێدانی چەکی ئەتۆمی نادات، سەرەڕای بۆردومانی سێ سایتی ئەتۆمی جەختی لەوە کردەوە کە دەسبەرداری پیتاندنی یۆرانیۆم نابێت.
دانوستانەکانی پێشووی تاران و واشنگتۆن بە هۆی پێداگریی کۆماری ئیسلامی لەسەر درێژەدان بە پیتاندن لەسەر خاکی ئێران ئەنجامی نەبووە.
لەو پێوەندییەدا ڕۆژی سێشەممە ٧ی گەلاوێژ عەلی خامنەیی، ڕێبەری کۆماری ئیسلامی لە لێدوانێک بەبۆنەی چلەی کوژراوانی شەڕی ١٢ ڕۆژە لەگەڵ ئیسرائیل ڕایگەیاند: ''دوو پرسی دۆسییەی ناوکی بە تایبەت پرسی پیتاندن و هەروەها پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لە ئێران، "بیانووی" کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی کۆماری ئیسلامی. ناوبراو بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ بە ئاماژەدان بە درێژەی پیتاندنی ئورانیۆم جەختی لەوە کردەوە کە نەتەوەی ئێران دەستبەرداری "ئاین و زانست"ی خۆی نابێت.
ناوبراو پێشتریش لە ٣ی گەلاوێژدا، کوژرانی فەرماندە باڵاکان و زانایانی بەرنامەی ئەتۆمی کۆماری ئیسلامی لە یەکەم ڕۆژی شەڕ لەگەڵ ئیسرائیلی بە "قورس" وەسف کرد، بەڵام وتی ئیسرائیل "بە ئامانجی خۆی نەگەیشتووە".
خامنەیی هەروەها لە قسەکانیدا باسی بەهێزکردنی کۆماری ئیسلامی و پێشکەوتنی کرد کە بەوتەی کارناسان وتەکانی ناوبراو سەبارەت بە سەقامگیریی ئەو سیستمە لەکاتێکدایە کە ناڕەزایی گشتی لە ئێران بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە و ئەمە ڕێژیمی بەرەوڕووی قەیرانی ڕەوایی کردووەتەوە.