
له به‌یاننامه‌ی ٧٩هه‌مین حه‌فته‌ی چالاکیی مانگرتن له خواردنی که‌مپه‌ینی سێشه‌ممه‌کانی نا بۆ له‌سیداره‌دان نووسراوه، له حه‌فته‌ی ڕابردوو لانیکه‌م ٢٠ به‌ندکراو له‌وانه‌ش مه‌هدی حه‌سه‌نی و بێهرووز ئێحسانی ئیسلاملوو له ئه‌ندامانی ئه‌و که‌مپه‌ینه، له به‌ندیخانه جۆراوجۆره‌کانی ئێران‌دا له سێداره دراون.
له به‌یاننامه‌ی ڕۆژی سیشه‌ممه ٧ی گه‌لاوێژی که‌مپه‌ینی سێشه‌ممه‌کانی نا بۆ له‌سێداره‌دان هاتووه که "زیاتر له سه‌د هێزی چه‌کداری ناوه‌نده سه‌رکوتکه‌ره‌کانی ڕێژیم به فه‌رمانی ئه‌ڵڵا‌که‌ره‌م عه‌زیزی، سه‌رۆکی به‌ندیخانه‌ی قزڵحه‌سار هێرشیان کردووه‌ته سه‌ر به‌ندکراوانی سیاسی له یه‌که‌ی ٤ی ئه‌و به‌ندیخانه‌یه و به‌ندکراوانیان ئازار داوه و جه‌وێکی تۆقێنه‌ریان دروست کردووه".
نووسه‌رانی به‌یاننامه‌ی که‌مپه‌ینی سێشه‌ممه‌کانی نا بۆ له‌سێداره‌دان باسیان له‌وه کردووه که ئه‌و هێزانه ته‌واوی به‌ندکراوانی سیاسی‌یان دوای ده‌سبه‌ندکردن بۆ ژووری تاکه‌که‌سی ڕاگواستووه.
له به‌شێکی دیکه‌ی ئه‌و به‌یاننامه‌دا ئاماژه به چوونه‌سه‌ره‌وه‌ی ڕێژه‌ی له‌سێداره‌دراوان کراوه و له‌و باره‌وه نووسیویانه: "له حه‌فته‌ی ڕابردوودا زیاتر له ٢٠ که‌س له سێداره دراون که له ده‌وره‌ی یه‌کساڵه‌ی سه‌رۆککۆماریی پزشکییاندا، لانیکه‌م ١٤٧٧ که‌س له سێداره دراون که ته‌نانه‌ت ئه‌و ڕێژه‌یه لە ده‌ورانی سه‌رۆککۆماریی ئیبراهیم ڕه‌ئیسیش زیاتره".
به‌یاننامه‌ی ئه‌و که‌مپه‌ینه به پشتبه‌ستن به ئاماری ڕێکخراوی مافی مرۆفی هه‌نگاو باسی له‌وه کردووه که له دوای ڕاگه‌یاندنی ئاگربه‌سی شه‌ری ١٢ ڕۆژه، لانیکه‌م ٨٥ به‌ندکراو له‌لایه‌ن ڕێژیمه‌وه له سێداره دراون و که له‌و ڕێژه‌یه؛ ١٥ که‌سیان لوڕ، ١٢ تورک، ١٢ کورد، ٦ به‌لووچ و ٦یان ئه‌فغانستانی بوون.