
ئێواەی ڕۆژی سێشەممە ٧ی گەلاوێژی ١٤٠٤، بەشێک لە چالاکانی مەدەنی، چالاکانی ژینگە و خەڵکی نیشتماندۆستی کوردستان، بۆ بەرزڕاگرتنی یادی شەهیدانی نوێی ژینگەی کوردستان، لە پارکی شاری سەقز کۆ بوونەوە.
لەم کۆبوونەوەیەدا، بەشداربووان بە هەڵکردنی مۆم، خوێندنەوەی شێعر و سروود و هەروەها وتنەوەی دروشمی جۆراوجۆر، یادی شەهیدانی نوێی ژینگەی کوردستانیان بەرز ڕاگرت.
ڕۆژی پێنجشەممە ٢ی گەلاوێژی ئەمساڵ، ئاگرێکی بەرین کێوی ئاویەر لە شاری سنەی گرتەوە و ژمارەیەکی بەرچاو لە خەڵک و ژینگەپارێزان و چالاکانی مەدەنی بۆ کوژاندنەوەی ئاگرەکە ڕوویان لە ئاویەر کرد.
گۆڕانی ڕێڕەوی با، سووتان و برینداربوونی پێنج کەس لەم ژینگەپارێزانەی بەدواوە بوو کە بەداخەوە، سێ کەسیان بە ناوەکانی حەمید مورادی، چیاکۆ یووسفینژاد و خەبات ئەمینی بە هۆی زۆریی ڕێژەی سووتانەکەیانەوە شەهید بوون.
لە ڕۆژانی ڕابردوودا لە سێ ڕێوڕەسمی جیاوازدا و بە بەشداریی هەزاران کەس لە خەڵکی نیشتماندۆست و ئەمەگناسی کوردستان، ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردنی ئەم سێ ژینگەپارێزە بەشێوەیەکی بەشکۆ بەڕێوە چوو و خەڵک بە وتنەوەی دروشمی جۆراوجۆر وێڕای دەربڕینی هاوخەمی، دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامییان بە بکەری سەرەکیی ئەم ڕووداوانە لە کوردستان زانی.