کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تۆمارکردنی ٤٥ حاڵەتی کوشتنی ژنان لە ماوەی چوار مانگی سەرەتای ئەمساڵدا

11:14 - 8 گەلاوێژ 2725

لە ماوەی چوار مانگی سەرەتای ئەمساڵدا، لانیکەم ٤٥ حاڵەتی کوشتنی ژنان و کچان لە سەرتاسەری ئێراندا ڕووی داوە کە زیاتر لە بەستێنی بنەماڵە و لەلایەن کەسانی نزیکی خۆیانەوە بووە.

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی "هێرانا" ئەم کوشتنانە کە زیاتر بە هۆکاری جیاوازیی بنەماڵەیی، لەژێر ناوی نامووس و شک و گومانی هاوسەرەکان ڕوویان داوە، توندوتیژییەکی زۆریان لەگەڵ بووە.

کەڵکوەرگرتن لە چەکی گەرم و سارد، لێدانی توند، لەتلەتکردن تەرم و تەنانەت خۆکوژیی بکەران، لە شێوە بەردەوامەکانی ئەم کوشتنانەن.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، زیاترین ئاماری کوشتنەکان تایبەت بە مانگی بانەمەڕە کە لانیکەم ١٩ حاڵەتی کوشتن لەم مانگەدا تۆمار کراون و مانگی خاکەلێوە  بە ١٧ حاڵەتی کوشتن و مانگی جۆزەردان بە ٦ حاڵەت و مانگی پووشپەڕیش بە ٣ حاڵەت لە ڕیزەکانی دواتردان.

لە نێوان ئەم حاڵەتانەدا، کوشتنگەلێک دەبینرێن کە توندوتیژیی زۆریان لەگەڵ بووە؛ لەوانە کوشتنی ژنێکی دووکیان لە کرماشان بە دەستی هاوسەرەکەی بە هۆی ڕەگەزی کۆرپەڵەکەی، بڕینی سەری ژنێک لە بەندەرعەباس لە بەرچاوی منداڵەکەیەوە و کوشتنی کوبرا ڕەزایی کە تاوانبارەکە پاش کوشتنی، بە تیزاب تەرمەکەشی لەنێو بردووە.

بەپێی ڕاپۆرتی هێرانا، ئەم کوشتنانە لانیکەم لە ٣٠ شاری ٢٠ پارێزگای ئێراندا ڕوویان داوە. پارێزگای تاران بە ٤ حاڵەت، لە سەرووی هەموو شارەکاندا جێگای گرتووە و پارێزگاکانی کرماشان، فارس، کرمان، خووزستان، تەورێز و خوارسانی ڕەزەوی و باکووری هەرکامیان بە ٢ یا ٣ حاڵەت، لە ڕیزەکانی دواتردان.

بە هۆی یاساکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران و پارێزراوبوونی یاسایی پیاوان لە پێوەندی لەگەڵ کوشتنەکان کە ڕێژیم بە کوشتنی نامووسی ناویان دەبات، ئاماری ژنکوژی لە سەرتاسەری ئێراندا بە شێوەی بەردەوام لە بەرزبوونەوەدایە.