کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بڕینی ئاو و کارەبای خەڵک لە گەرمترین ڕۆژەکانی ساڵدا

11:20 - 8 گەلاوێژ 2725

نەبوونی ئاو و کارەبا لە گەرمترین ڕۆژەکانی ساڵدا ژیانی ئاسایی خەڵکی کوردستان و ئێرانی بەرەوڕووی کێشەی جیددی کردووەتەوە.
پاش زیادبوونی قەیرانی نەبوونی ئاو بە قەیرانەکانی دیکەی وەک نەبوونی کارەبا و گاز، فەرمانگە و شوێنە دەوڵەتییەکان لە ١٢ پارێزگای ئێران و چەند شارێکی کوردستان داخران.
بەپێی بڕیاری دەوڵەتی پزشکییان هەموو فەرمانگە و شوێنە دەوڵەتییکان لە پارێزگاکانی خوراسانی باشوور، ئەلبورز، کرمان، سێمنان، هۆرموزگان، یەزد، قوم، بووشێهر، ئەهواز، لوڕستان و کۆهگیلوویە و بۆیەرئەحمەد، لە ڕۆژی چوارشەممە ٨ی گەلاوێژ بەهۆی قەیرانی نەبوونی وزە داخران.
دەوڵەت بە مەبەستی کەمکردنەوەی بەکارهێنانی ئاو و کارەبا لەم شوێنانە، بڕیاری داخرانی دەرکردووە.
جیا لەم چەند پارێزگایە ٣ شاری قەسری شیرین، سەرپێڵ و شاباد لە کرماشان لەلایەن دەوڵەتەوە کراونەتە پشووی فەرمی.
لە ماوەی ساڵانی ڕابردوو دەوڵەتەکانی ڕێژیمی ئێران بۆ قەرەبووکردنەوەی کەمی و نەبوونی وزە، لە داخستنی شوێنە دەوڵەتییەکان کەڵکیان وەرگرتووە.
هەروەها بڕینی سەرچاوەکانی وزەی خەڵک، یەکێکی دیکە لە ڕێکارەکانی دەوڵەت بۆ بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ قەیرانەکانی وزە لە ئێران و کوردستاندا بووە.
بڕینی ئاو و کارەبای ماڵان لە گەرمترین ڕۆژەکانی ساڵدا خەڵکی بە تەواوەتی بێزار کردووە و کێشەی جیددیی بۆ ژیان و تەندروستییان ساز کردووە.
ئەم بابەتە بووەتە هۆی دروستبوونی ناڕەزایەتییەکان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و تەنانەت ڕۆژی ڕابردوو خەڵکی شاری "خۆمام"، لە پارێزگای گیلان هاتنە سەر شەقام و دروشمیان دا.
بەپێی گرتە ڤیدیۆ بڵاوکراوەکان، کۆمەڵێک لە خەڵکی خۆمام بە کۆبوونەوە لە بەردەم فەرمانداریی ئەو شارە، بە دژی نابەرپرسیارییەتییەکان سەبارەت بە بڕینی ئاو و کارەبای خەڵک، دروشمیان داوە.
کەمبوونەوەی ڕێژەی بارین و سیاسەتی هەڵەی کۆماری ئیسلامی لە بەکارهێنانی پاشەکەوتەکانی ئاو، سەرەکیترین هۆکارەکانی دروستبوونی قەیرانی ئاو لە کوردستان و ئێرانن.