
جێگری زانستیی مەسعوود پزشکییان، سەرۆککۆماری ڕێژیم، باسی لە ئەگەری دۆزینەوەی فەرماندە و بەرپرسانی باڵای ئێرانی لە ڕێگەی مۆبایلەکانیانەوە کردووە.
حوسێن ئەفشین پاش کوژرانی ژمارەیەکی بەرچاو لە بەرپرسانی باڵا و فەرماندە سەربازییەکانی کۆماری ئیسلامی لە وتووێژێک لەگەڵ ماڵپەڕی "خەبەر ئانلاین" ڕایگەیاندووە کە ئەندامانی بنەماڵە، تیمەکانی پاراستن و کەسانێک کە لەگەڵ بەرپرسانی باڵا و فەرماندەکاندا پێوەندییان هەیە، ئەدۆزرێنەوە.
ئەفشین جەختی کردووەتەوە کە ئەگەر بەرپرسان و فەرماندەکان لە مۆبایلە زیرەکەکان کەڵک وەربگرن، ئەم بابەتە دەتوانێت لەسەر دۆزینەوەیان کاریگەریی هەبێت.
ناوبراو سەبارەت بە هێندێک ئاپەکانی وەک "واتساپ"، قسەی پێشووی بەرپرسانی ڕێژیمی ڕەت کردووەتەوە و ڕایگەیاندووە کە تاکوو ئێستا هیچ بەڵگەیەک لەبەر دەستدا نییە کە نیشانی بدات واتساپ لەم پێوەندییەدا کاریگەریی هەبووە.
حوسێن ئەفشین زیادی کردووە کە بابەتەکە مۆبایلە زیرەکەکان، "جی پی ئێس" و "بی تی ئێس"ـە کە کەڵکیان لێ گیراوە.
جێگری زانستیی پزشکییان سەبارەت بەوەی کە ژمارەیەک لە فەرماندە کوژراوەکان تەنانەت مۆبایلی زیرەکیان نەبووە پشتڕاستی کردووەتەوە: "کاتێک هەژمارێکی بانکی هاک دەکرێت، هەموو زانیارییەکان وەک ناونیشانی تاک دەردەکەوێت و هێندێک جاریش تەنیا ئەو کەسە گرینگ نییە، بەڵکوو ئەگەری هەیە دۆزینەوەکە لە ڕێگەی ئەندامی بنەماڵەکانیانەوە یان ئەو کەسانەوە بیت کە لەگەڵیاندا پێوەندییان هەیە".
ئەم بەرپرسەی ڕێژیم باسی لەوە کردووە کە دۆسییەی دزەکردن لە ڕێگەی مۆبایلەکانەوە لە ژێر چاوەدێریدایە.
ناوبراو ئاماژەی بەوەش کردووە کە ڕێگەکان بۆ دۆزینەوەی بەرپرسان زۆرە و ئەگەری هەیە تەنانەت ئەو ماشینەی کە هاتوچۆی پێ دەکەن "جی پی ئێس"ـی هەبووبێت.
پاش هێرشی ئیسرائیل و کوژرانی ژمارەیەکی زۆر لە فەرماندە باڵاکان و کەسانی پێوەندیدار بە بەرنامە ناوکییەکانی ڕێژیم، کەڵکوەرگرتن لە مۆبایل بۆ بەرپرسان و فەرماندەکان لە شوێنی کارەکانیاندا قەدەغە کرا و هەروەها واتساپ بۆ جارێکی دیکە فیلتێر کرا.
هەرچەند کە لە ئێستادا فیلتێرینگ لەسەر ئەم تۆڕە کۆمەڵایەتییە لا براوە، بەڵام بە ڕادەیەکی بەرچاو "بەرینیی هێڵ"ـی کەم کراوەتەوە.