
لە درێژەی گوشارە ئەمنییەتی و ئابوورییەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر هاووڵاتییانی بەهایی لە ئێران، ٢٢ هاووڵاتیی بەهایی دانیشتووی شاری ئێسفەهان لەلایەن دادگاوە حوکمی دەستبەسەرداگرتنی موڵک و ماڵیان بۆ دەر کراوە.
ئەم حوکمانە بەپێی مادەی ٤٩ی یاسای بنەرەتی دەر کراون و بەبێ تێپەڕین بە ڕێکارە یاساییە ئاساییەکان و تۆمارکردن لە سیستمی سینادا، جێبەجێ کراوە.
ماڵپەڕی مافی مرۆڤیی "هێرانا"، ڕۆژی سێشەممە ٧ی گەلاوێژ ڕایگەیاند کە توانیویەتی ناسنامە و وردەکارییەکانی ئەو دۆسییەیانە پشتڕاست بکاتەوە و نووسیویەتی کە زۆرێک لە هاووڵاتییانی بەهایی بە هۆی نیگەرانییەکان لە خێراترکردنی پرۆسەی دەستبەسەرداگرتن، ناوی خۆیان بڵاو بکەنەوە.
سەرچاوەیەکی ئاگادار بە ئاماژەدان بەوەی کە تا ئەم قۆناغە، دەست بەسەر موڵک و ماڵی هەموو یان زۆربەی ئەو کەسانەدا گیراوە و بە کردەوە بازرگانیکردنیان قەدەغە کراوە، بە "هێرانا"ی وت: "هەر جۆرە مڵکێک یان کەرەستەیەک کە بە ناوی ئەوانەوە تۆمار کراوە ئیمکانی گواستنەوەیان نییە، بەڵام هێشتا هیچ فەرمانێک بۆ دەستبەسەرداگرتنی کۆتایی مڵکەکە دەرنەچووە".
لە ڕاپۆرتی هێرانادا هاتووە کە ئەم پرۆسەیە بە بێدەنگییەکی تەواو و بە پێشێلکردنی ڕوونی مافی تۆمەتباران بەردەوامە.
پێشێلکارییەکانی مافی ئەم کەسانە بەریتییە لە دەسپێڕانەگەیشتن بە دۆسییەکان لەلایەن پارێزەرانەوە، لابردنی دۆسییەکان لە سیستمی سینادا و دروستکردنی دوو دۆسییەی هاوتەریب بۆ هەر تاکێک؛ یەکێکیان بۆ ڕێوشوێنی تاوانکاری و دەرکردنی سزای زیندانی و ئەوی دیکەیان بۆ دەستبەسەرداگرتنی مڵک و ماڵ لە دادگاکانی پەیوەندیدار بە مادەی ٤٩".
پرسی دەستبەسەرداگرتنی مڵک و ماڵی هاووڵاتییانی بەهایی لە ئێران پێشتر چەندین جار ڕووی داوە و پێشتریش ناوەندەکانی مافی مرۆڤ شێوازێکی هاوشێوە لە هەڵسوکەوت لەگەڵ بەهاییەکان لە پارێزگاکانی دیکە، بڵاو کردبووەوە.
کۆماری ئیسلامی لە سەرەتای شەڕ لەگەڵ ئیسرائیلەوە شەپۆلێکی هەڵسوکەوتی ئەمنییەتی و قەزایی دەست پێ کردووە، کە تیایدا کەمایەتییە ئایینییەکانی وەک بەهایی، جوولەکە، مەسیحی و هاووڵاتییانی بیانی کراونەتە ئامانجی دەسبەسەرکردنی بەکۆمەڵ.