
دوابەدوای شەهیدبوونی سێ چالاکی ژینگەپارێزی کوردستان کە لە کاتی کوژاندنەوەی ئاگری کێوی ئاویەری سنە تووشی سووتانی جەستە ببوون، بنەماڵەی مافخوازی "ژینا ئەمینی" یادی شەهیدەی کوردستانیان بەرز ڕاگرت.
کاک ئەمجەد ئەمینی، باوکی شەهید ژینا ئەمینی لە ستۆرییەکی ئینستاگرامدا ڕایگەیاند: "فیداکاریی سێ ڕۆڵەی بەوەفا، نیشتماندۆست و هۆگری ژینگەی کوردستان، شەهیدانی قارەمان حەمید، چیاکۆ و خەبات کە لە کاتی کوژاندنەوەی ئاگری کێوی ئاویەری سنەدا فیداکارانە گیانی خۆیان لەدەست دا، دڵی هەموومانی بریندار کرد و خەمناکی کردین. وەک خەمی لەدەستدانی ژینا بۆ من سەخت و خەمناک بوو."
کاک ئەمجەد، بە دەربڕینی هاوخەمی لەگەڵ خەڵكی کوردستان وتی: "منیش وەک هەموو خەڵکی کوردستان، خۆم بە خەمناک و بەشدار لە خەمی گەورەی بنەماڵەی ئەم منداڵە سەربەرزانەدا دەزانم."
خاتوو "موژگان ئێفتخاری" دایکی شەهید ژینا ئەمینیش بە ئاماژە بە خۆڕاگریی سێ قارەمان و شەهیدی ژینگەی کوردستان نووسی: "سێ پیت و سێ ناو هەرمان بوون؛ چیاکۆ و حەمید و خەبات بوون بە نموونەیەک لە پیتەکانی ئەلفوبێ، بوون بە ئەلفوبێی مرۆڤی فیداکار، منداڵانی سینگ پاک و بوون بە دایکی ئاویەری کوردستان."
هاوکات لەگەڵ شەهیدبوونی سێ چالاکی ژینگەپارێزی کوردستان لە کاتی کوژاندوەنەوەی ئاگری کێوی ئاویەردا، بنەماڵەی شەهیدان و بنەماڵە مافخوازەکانی شۆڕشی ژینا و خەڵکی بەئەمەگی کوردستان بە بەشداری لە ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردن و پرسەی ئەم شەهیدانەدا، ڕێزیان لە یاد و بیرەوەری و فیداکارییەکانیان گرت و هاوخەمیی خۆیان لەگەڵ بنەماڵەکانیان دەربڕی.