کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕۆڵی شاراوەی عەرەبستان لە خستنەخوارەوەی دڕۆنەکانی ئێران لە شەڕی ١٢ ڕۆژەدا

10:28 - 12 پووشپەڕ 2725

سەرچاوە ئاگادارەکان لە ناوچەی کەنداو بە ڕۆژنامەی ''ئیسرائیل هایۆم''ی ئیسرائیلییان ڕاگەیاندووە کە لە ماوەی شەڕی ١٢ ڕۆژەی کۆماری ئیسلامی و ئیسرائیلدا، چەندین وڵاتی ناوچەکە لەوانە عەرەبستانی سعوودی بە نهێنی بەشداریی ئۆپەراسیۆنەکانی ڕێگریکردن لە دڕۆنەکانی ئێرانیان کردووە.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، ھێزی ئاسمانیی عەرەبستان بۆ ڕێگریکردن و لەنێوبردنی دڕۆنی ئێران لە ئاسمانی ناوچەکەدا لەوانە ئاسمانی عێراق و ئۆردۆن، ھێلیکۆپتەری نیزامی ناردووە. ئەم دڕۆنانە پێش ئەوەی بچنە نێو خاکی ئیسرائیل، بە مەبەستی بەرگریکردن لە یەکپارچەیی خاکی عەرەبستان خراونەتە خوارەوە.

عەبرەبستان یەکێک لە ناوچەکە ئەرتەشەکی بەهێزی هەیە و بەشێکی زۆری چەک و سیستمەکانی ئەمریکای لەبەر دەستدایە، لەدوای واژۆکردنی ڕێککەوتنێکی گەورەی چەکوچۆڵ لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ لە ساڵی ٢٠١٧، هاوکارییە نیزامییەکانی لەگەڵ ئەمریکا پەرە پێ داوە، هەروەها ئەو ڕێککەوتنە لە سەردانی ئەم دواییەی محەممەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعوودیە فراوانتر کراوە.

بەڵام تا ئێستا عەرەبستان بە فەرمی دەستێوەردانی خۆی لە ئۆپەراسیۆنی ڕێگریکردن لە دڕۆنەکانی ئێران پشتڕاست نەکردووەتەوە و تەنانەت لە ڕوونکردنەوەکانیشدا هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر خاکی ئێرانی مەحکووم کردووە.

بەڵام کارناسان دەڵێن ئەو هەنگاوەی عەرەبستان بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەڕەشەکانی کۆماری ئیسلامی تەنانەت بەبێ ڕاگەیاندنی فەرمی، گۆڕانکارییەکی مێژووییە لە هاوسەنگی هێز لە ناوچەکەدا. بەڵام ڕیاز جەختی لەوە کردووەتەوە کە ڕێگە نادات ئاسمانی وڵاتەکەی بۆ هێرشکردنە سەر ئامانجەکان لە خاکی ئێران کەڵکی لێ وەربگیرێت.

لە ماوەی شەڕی ١٢ ڕۆژەدا چەندین وڵاتی ناوچەیی و دەرەوەی ناوچەکە بە شێوەیەکی چالاکانە بەشدارییان لە بەرگریکردن لە ئاسمانەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا کرد. ئۆردۆن لە ئاسمانی خۆیدا بە شێوەیەکی سەرەکی لە ڕێگەی هێزی ئاسمانیی خۆیەوە چالاک بوو.

بریتانیا و فەرانسەش لە ئۆپەراسیۆنە ئاسمانییەکانیشدا ڕۆڵیان هەبووە و ئەمریکا لەگەڵ ئەرتەشی ئیسرائیل زیاترین بەشداریی هەبووە.

کۆماری ئیسلامی زیاتر لە هەزار دڕۆنی بەرەو ئیسرائیل هاویشتووە و زۆربەیان لە مەودایەکی دوور لە سنوور ڕێگرییان لێ کرا و تەنیا بەشێکی کەمیان لەلایەن هێزی ئاسمانیی ئیسرائیلەوە لە ئاسمانی ئەو وڵاتە خرانە خوارەوە.