کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کاتز ڕوو بە خامنەیی: جاری داهاتوو دەستی ئیسرائیل بە تۆ دەگات

17:34 - 8 گەلاوێژ 2725

ییسرائیل کاتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل، لە میانەی سەردانێکیدا بۆ بنکەی ئاسمانیی ڕامۆن لە باشووری ئیسرائیل، هۆشداریی بە عەلی خامنەیی ڕێبەری کۆماری ئیسلامی دا کە ئەگەر درێژە بە هەڕەشەکانی بدات، ئیسرائیل ڕاستەوخۆ دەچێتە لای.

کاتز وتی: ''دەمەوێت پەیامێکی ڕوون بۆ خامنەیی، ئەم دیکتاتۆرە بنێرم، ئەگەر لە هەڕەشەکردن لە ئیسرائیل بەردەوام بیت، باسکی درێژمان جارێکی دیکە بە هێزێکی زیاترەوە بۆ تاران و ئەمجارەیان بۆ لای تۆ دێت.''

ناوبراو ڕوو بە ڕێبەری کۆماری ئیسلامی جەختی لەوە کردەوە: "هەڕەشە مەکە، نەکا زیانت پێ بگات".

وەزیری بەرگریی ئیسرائیل هەروەها لە ڕێوڕەسمێکدا لە یەکێک لە گەڕەکەکانی تێلاڤیڤ بۆ ئاوەدانکردنەوەی ئەو ماڵانەی کە بەهۆی هێرشە مووشەکییەکانی کۆماری ئیسلامییەوە زیانیان بەرکەوتبوو، شەڕی ١٢ ڕۆژەی بە "گەورەترین ئۆپەراسیۆنی مێژووی ئیسرائیل" ناو برد.

هەروەها وتی: ''بەنیازین لە داهاتوودا ڕێژیمی ئایەتوڵڵا لە ئێران تووشی سەرسووڕمان بکەین.''

عەلی خامنەیی و کاربەدەستانی دیکەی کۆماری ئیسلامی لە دوای شەڕی ١٢ ڕۆژەی ئیسرائیل، سەرەڕای ئەوەی زۆرترین زیانی گیانیان لە بواری کوژرانی فەرماندە باڵاکان بەرکەوتووە، هەروا لە هەڕەشەکان لە دژی ئیسرائیل بەردەوامن.