
وریشە مورادی بەندکراوی سیاسی کە سزای لە سێدارەدانی بەسەردا سەپاوە، لە بەشی ژنانی قەرچەک پەیامێکی بڵاو کردەوە.
مورادی لەم پەیامەدا کە لە بەندیخانەوە نێردراوەتە دەرەوە، ئاماژەی بە گیانلەدەستدانی حەمید مورادی و چیاکۆ یووسفینژاد و خەبات ئەمینی کردووە و نووسیویەتی: "جەستەتان بە خاک و ڕۆحی هەمیشە بەئاگاتان پێشکەش بە ژینگە."
ناوبراو لە درێژەدا باسی گیانلەدەستدانی ئەو سێ چالاکوانەی کرد کە لە کاتی بەرەنگاربوونەوەی ئاگرێک لە بەرزاییەکانی ئاویەر تووشی سووتان ببوون و نووسیویەتی: بڵێسەی سەماکەری جەستەتان لەنێو درەختە گڕدارەکان، لە بناری چیاکان، خەوی منداڵانی ئەم خاکەی تێک دا و ڕق و کینەی ئێمەی دوو هێندە کرد.
وریشە مورادی لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا جەختی لەوە کردووەتەوە: " بڵێسەی تووڕەیی ئەو ئاگرەی کە جەستەتانی گەمارۆ دا بناخەی ستەم دەکاتە خۆڵەمێش."
مورادی لە کۆتاییدا بە دەربڕینی هاوسۆزی لەگەڵ بنەماڵە خەمبارەکانی ئەو سێ چالاکە ژینگەپارێزە، نووسی: لە پشت مێزی دادگاوە، بە دڵێکی پڕ لە خەم و ڕێزەوە، هاوسۆزیی قووڵی خۆم بۆ بنەماڵە خەمگین و سەربەرزەکانی حەمید مورادی، چیاکۆ یووسفینژاد، و خەبات ئەمینی دەردەبڕم.