
وەزارەتی خەزێنەداریی ئەمریکا ڕۆژی چوارشەممە ٨ی گەلاوێژ لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند کە گەمارۆی خستووەتە سەر زیاتر لە ١١٥ کەس، دامەزراوە و کەشتیی پێوەندیدار بە ئێرانەوە.
بەپێی زانیارییەکان ئەم پەکەیجە لە گەمارۆکان کە لەلایەن وەزارەتی خەزێنەداریی ئەمریکاوە وەک گەورەترین سزاکان بۆ سەر ئێران لە پاش ساڵی ٢٠١٨ی زایینییەوە لە قەڵەم دراوە، زیاتر لە ٥٠ کەس و دامەزراوە و هەروەها زیاتر لە ٥٠ بارهەڵگری سەر بە کەشتیگەلی محەممەدحوسێن شەمخانی، کوڕی عەلی شەمخانی، ڕاوێژکاری باڵای خامنەیی، لەخۆ دەگرێت.
سکات بێسێنت، وەزیری خەزێنەداریی دەوڵەتی ترامپ، لە بەیاننامەکەدا نووسیویەتی: "ئیمپراتۆریەتی کەشتیگەلی بنەماڵەی شەمخانی دەرخەری ئەو بابەتەیە کە بەرپرسانی باڵای کۆماری ئیسلامی چۆن لە جێگە و پێگەی خۆیان بۆ کۆکردنەوەی سامان و هەروەها دابینکردنی بوودجەی چالاکییە مەترسیدارەکانی دەوڵەت کەڵک وەردەگرن".
بەرپرسانی دەوڵەتی ترامپ ڕایانگەیاندووە کە محەممەدحوسێن، کوڕی عەلی شەمخانی، بە کەڵکوەرگرتن لە دەسەڵاتی سیاسیی باوکی، تۆڕێکی بەربڵاوی لە نەوتهەڵگرەکان و بارهەڵگرەکان بۆ گواستنەوەی نەوت و بەرهەمە نەوتییەکانی ئێران و ڕووسیە دامەزراندووە.
بەپێی بەیاننامەکەی وەزارەتی خەزێنەداری، تۆڕی شەمخانی زیاتر لە هەناردەکردنی "نەوتی خاو"ـی ئێراندا ڕۆڵی هەیە و هەروەها لە گواستنەوەی مووشەک و دڕۆنەکان بۆ مۆسکۆ لەپێناو نەوتی ڕووسیەدا دەستی هەبووە.
بەیاننامەکە زیادیشی کردووە کە داهاتی ئەم بازرگانییە نایاساییە دەچێتە گیرفانی بنەماڵەی شەمخانی و ڕێژیمی ئێرانەوە.
دەوڵەتی ترامپ جیا لە کەشتیگەلی شەمخانی، ٢٠ دامەزراوە و ١٠ نەوتهەڵگری دیکەشی سزا داوە کە لە گواستنەوەی نەوتی ئێران ڕۆڵیان هەبووە.
دۆناڵد ترامپ، سەرۆککۆماری ئەمریکا، پاش هاتنەسەرکاری ڕایگەیاندبوو کە سیاسەتی گوشاری زۆرینەیی لەهەمبەر کۆماری ئیسلامی دەگرێتە بەر. وێدەچیت کە ئەم سیاسەتەی ترامپ لە ئێستادا چڕتر بووبێتەوە تاکوو تاران ناچار بکات لە هەڵوێستەکانی خۆی، بەتایبەت لەپێوەندیی لەگەڵ بەرنامە ناوکییەکانی پاشەکشێ بکات.