کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران هاوکاری لەگەڵ ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکیی هەڵپەسارد

10:29 - 12 پووشپەڕ 2725

ڕۆژی چوارشەممە ١١ی پووشپەڕی ١٤٠٤ی هەتاوی مەسعوود پزشکییان، سەرۆککۆماری ڕێژیمی ئێران یاسای هاوکارینەکردنی لەگەڵ ئاژانسی وزەی ناوکیی خستە بواری جێبەجێکردنەوە.

ئەو یاسایە دەتوانێ ببێتە هۆی پێکهاتنی بەربەستی زیاتر بۆ سەردانی پشکێنەرانی ئاژانسی وزەی ناوکی.

بەپێی ئەو یاسایه کە پێشنیاری مەجلیسی ڕێژیم بوو، دەوڵەت هەتا دابینبوونی ئەمنییەتی ناوەند و زانا ئەتۆمی و هەروەها ڕێگرینەکردن لە مافی بەرهەمهێنانی ئۆرانیۆم، هاوکاری لەگەڵ ئاژانسی خستووەتە حاڵەتی هەڵپەساردنەوە.

ئەو پرۆژەیاسایە کاتێک بە پەسندی مەجلیس و شۆرای نیگابان گەیشت کە ئیسرائیل و ئامریکا هێرشیان کردە سەر ناوەندە ئەتۆمییەکانی ڕێژیم و سێ ناوەندی ئەو ڕێژیمەیان لەناو برد کە ڕێژیم تا ئێستا لەناوچوونی ئەو ناوەندانەی ڕەت کردووەتەوە.

ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکی، کە ناوەندەکەی لە شاری ڤییەنی ئوتریشە، ڕایگەیاندووە کە ئەو یاسایەی ڕێژیمی ئێران بۆ ئاژانس ڕوون نییە و ئەوان چاوەڕوانی ڕاگەیەندراوی فەرمی لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوەن.

"تامی بروس" وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئامریکا، ڕایگەیاندووە کە لە کاتێکدا کە ڕێژیم دەتوانێ ڕێگای ئاشتییانە بگرێتە بەر، هەڵپەساردنی هاوکاری لەگەڵ ئاژانس، جێگای قەبووڵکردن نییە و پێویستە ڕێژیمی ئێران پێبەندی پەیمانی قەدەغەکردنی چەکی ناوکی ببێت.

ڕێژیمی ئێران پێشتریش دەسڕاگەیشتن و چاوەدێری ناوەندە ئەتۆمییەکان و هەروەها هەڵسەنگاندنی زیانەکانی شەڕی ١٢ ڕۆژەی سنووردار کردبوو و لەلایەکی دیکەوە عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ڕێژیم ڕایگەیاندبوو کە وا وێناچێت کە ڕێژیمی ئێران دانوستانەکان دەست پێ بکاتەوە.

هاوکات "ژان نۆئێل بارو" وەزیری دەرەوەی فەڕانسە ڕایگەیاندووە کە ئەگەر ڕێژیمی ئێران لەگەڵ ئاژانس هاوکاری نەکات، ئاڵمان و بریتانیا و فەرانسە، مێکانیزمی ماشە چالاک دەکەن.