کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هۆشداریی ئەمریکا سەبارەت بە پەرەسەندنی سەرکوتی دژبەران لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە

11:47 - 9 گەلاوێژ 2725

دوابەدوای پەرەسەندنی گوشارە ئەمنییەتییەکان لە ئێران، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک، کۆماریی ئیسلامیی بەوە تاوانبار کرد کە لە چوارچێوەی ئاسەوارەکانی شەڕی ١٢ ڕۆژەدا، سەرکوتی هاووڵاتییانی پەرە پێ داوە.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە بەیاننامەیەکدا کە ڕۆژی چوارشەممە ٨ی گەلاوێژ لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "ئێکس"دا بڵاو کراوەتەوە جەختی کردووەتەوە کە ڕێژیمی ئێران لە ئاڵوگۆڕە ناوچەییەکان وەکوو بیانوویەک بۆ بەئامانجگرتنی دژبەران و جیابیرانی نێوخۆ کەڵک وەردەگرێ.

لە بەشێک لەم بەیاننامەیەدا هاتووە: "ئەو ئێرانییانەی کە خواست و باوەڕی دژەڕێژیمی خۆیان ڕادەگەینن، بەخێرایی دەسبەسەر دەکرێن و سزاگەلێکی وەک سێدارەیان بەسەردا دەسەپێندرێت. قوربانیکردنی هاووڵاتییان لە بواری نێوەدەوڵەتییەوە زیاتر لە ڕابردوو ڕێژیمی ئێران دەخاتە پەراوێزەوە.

دەوڵەتی ئەمریکا جەختی کردووەتەوە کە بە هۆی پێشێلکردنی مافی مرۆڤ، کۆماری ئیسلامی وڵامدەر دەکاتەوە.

لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران دوو بەندکراوی سیاسیی دیکەی بە ناوەکانی مێهدی حەسەنی و بێهرووز ئێحسانی لە بندیخانەی قزڵحەسار لە سێدارە دا.

هەروەها هاوبەندییەکانی ئەم دوو بەندکراوە کە ناڕەزایەتییان بەم لەسێدارەدانانە دەربڕیوە کەوتوونەتە بەر لێدان و توندوتیژی و بۆ ژووری تاکەکەسی ڕاگوێزراون.

کۆمیساری باڵای مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکانیش سەبارەت بە شەپۆلی لەسێدارەدانەکان لە ئێران نیگەرانیی خۆی دەربڕی و ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتیش، لەسێدارەدانی ئەم دوو بەندکراوەی بە سەرەڕۆیانە ناو برد.