کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نوورنیووز: ئالوگۆڕ لە پێکهاتەی دەزگا ئەمنییەتییەکاندا ڕوو ئەدات

12:35 - 9 گەلاوێژ 2725

سەرچاوەکانی نزیک لە ڕێژیم باسیان لە ئاڵوگۆڕی بنەڕەتی لە پێکهاتەی دامەزراوە ئەمنییەتییە باڵاکانی حکوومەتدا کردووە.
ماڵپەڕی "نوورنیووز" سەر بە شۆرای باڵای ئەمنییەتی میللیی ڕێژیم، ڕۆژی چوارشەممە ٨ی گەلاوێژ باسی لە ئەگەرەکان بۆ ئاڵوگۆڕی لە پێکهاتەی دامەزراوە ئەمنییەتییە باڵاکانی کۆماری ئیسلامیی کردووە.
نوورنیووز لە نووسراوەیەکدا ڕایگەیاندووە کە بەپێی زانیارییەکانی خۆی، مەرجە پێویستەکان بۆ هاتنەئارای چاکسازییە پێکهاتەییەکان بەدی هاتووە و ئەگەری هەیە لە نزیکترین کاتدا ئاڵوگۆڕ لە پێکهاتەی دامەزراوە ئەمنییەتییە باڵاکاندا بێتە ئاراوە.
ئەم ماڵپەڕە هیچ وردەکارییەکی دیکەی سەبارەت بە نێوڕۆکی ئەم ئاڵوگۆڕانە نەخستووەتە ڕوو.
باسکردن لە ئاڵوگۆڕە پێکهاتەییەکان لە ئاستی دامەزراوە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیم لەکاتێکدایە کە گەورەترین شکستە ئیتلاعاتی و هەواڵگرییەکانی ڕێژیم لە بەرامبەر ئیسرائیلدا لە کاتی شەڕی ١٢ ڕۆژەدا ڕووی دا.
ئیسرائیل لە ڕێگەی دزەکردنە نێو دامودەزگا بەناو ئەمنییەتییەکانی ڕێژیمەوە توانیی سەرەکیترین کەسایەتییەکانی پێوەندیدار بە بەرنامە ناوکییەکانی تاران و فەرماندە باڵاکانی سپای پاسداران بکاتە ئامانج.
بە وتەی خودی بەرپرسانی ئێستا و پێشووی ڕێژیم، ئاستی ئەم دزەکردنە بەربڵاوتر لەوەیە کە لە میدیاکانی سەر بە ڕێژیمەوە باسی لێ دەکرێت.
غوڵامعەلی جەعفەرزادە، نوێنەری پێشویی مەجلیسی ڕێژیم، لە وتووێژێکدا بە ئاماژەدان بە ئاستی دزەکردنی مووساد لەنێو پێکهاتەی کۆماری ئیسلامی ڕایگەیاندبوو کە ئاستەکە بەرزتر لەوەیە کە بابەتەکە لە چەند پەنابەری ئەفغانستانی کورت بکرێتەوە.
جەعفەرزادە بۆ نیشاندانی ئەم ئاستە وتبووی: "کۆمەڵێک سیخوڕی مووساد لەنێو سیخوڕانی مووساد، بە شوێن سیخوڕانی مووساددا دەگەڕێن".