
لە درێژەی هۆشدارییەکان سەبارەت بە مەترسیی لەنێوچوونی دارستانەکانی زاگرۆس، موجتەبا ئاهوور، جێگری بەڕێوەبەری پاراستنی ژینگەی لوڕستان وتی کە ئەگەر ئەو ڕەوتەی ئێستا بەردەوام بێ، لە ٣٠ یان ٤٠ ساڵی داهاتوودا هیچ لەو دارستانانە نامێنێتەوە و جەختی لەسەر پێویستیی پێداچوونەوەی بەپەلە بە سیاسەتەکان کردەوە.
ڕۆژی چوارشەممە ٨ی گەلاوێژ، موجتەبا ئاهوور لە وتووێژ لەگەڵ هەواڵدەریی ''ئیلنا'' ڕایگەیاند کە هیچ خەمڵاندنێک بۆ ڕادەی زیانەکانی قەیرانی دارستانەکانی زاگرۆس لەسەر ئابووریی گشتی و پارێزگاکان لە ئارادا نییە و دەشڵێت: "سەرەڕای فراوانیی دارستانەکانی زاگرۆس، لە داڕشتنی سیاسەتدا بە گرینگییەکی کەم هەژمار کراون".
ئەم بەرپرسە یەکێک لە هۆکارەکانی پەرەسەندنی ئەو قەیرانەی ''شێوازی هەڵسوکەوتی ڕێژیم لەگەڵ زاگرۆس'' ناو برد و هۆشداری دا کە بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما، قەیرانی کەشوهەوا، ئافاتەکان، کەڵکوەرگرتنی بێ پرەنسیپ و کەمتەرخەمی لە بەڕێوەبردن، هێرشێکی سەرتاسەرییان بۆ سەر دارستانەکان پێک هێناوە و قەیرانی زاگرۆسیان خراپتر کردووە.
ناوبراو وتی: پرسی دارستانەکانی زاگرۆس و پاراستنیان لەلایەن یەک یان دوو دەزگاوە چارەسەر ناکرێت و دەبێت کارلێک و هاوکاری و پێداچوونەوە بە سیاسەتەکانی ڕابردووی لەگەڵدا بێت.
پێشتر لە ٧ی گەلاوێژ، هادی کیادەلێری، جێگری بەڕێوەبەری پەروەردە و بەشداریی گشتی لە ڕێکخراوی پاراستنی ژینگە، هۆشداری دابوو کە لە ماوەی ١٠ ساڵی ڕابردوودا ساڵانە بە تێکڕا زیاتر لە ١٨ هەزار هێکتار لە دارستانەکانی ئێران بوونەتە قوربانی ئاگرکەوتنەوە.
ناوبراو ئەم ڕەوتەی بە نیشانەی هۆشداری بۆ دارستانەکانی زاگرۆس زانی و جەختی لەسەر گۆڕینی ڕوانگەکان لە بەڕێوەبردنی قەیرانەکان و ڕێگریکردن لە لەناوچوونی فراوانتر کردەوە.
دارستانەکانی زاگرۆس لە ١٢ پارێزگای ئێران و کوردستان بڵاو بوونەتەوە و بەپێی ئامارەکان ساڵانە بە تێکڕا ٧٦ حاڵەتی ئاگرکەوتنەوەیان تێدا ڕوو دەدات.
لانیکەم ١٥ ساڵە زەنگی هۆشداری لەبارەی تەندروستیی دارستانەکانی زاگرۆسەوە وەدەنگ هاتووە، بەڵام تا ئێستا هیچ ڕێگەچارەیەکی جیددی بۆ ڕزگارکردنیان لەبەرچاو نەگیراوە.