کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەرۆککۆماری لوبنان داوا لە حیزبوڵڵا دەکات چەکەکانی ڕادەست بکات

16:40 - 9 گەلاوێژ 2725

جۆزێف عەون، سەرۆککۆماری لوبنان داوای لە گرووپی چەکداری شیعەی حیزبوڵڵا و لایەنە سیاسییەکانی دیکە کرد، چەکەکانیان ڕادەستی ئەرتەشی ئەو وڵاتە بکەن.

جۆزێف عەون ڕۆژی پێنجشەممە ٩ی گەلاوێژ، لە لێدوانێکی تلویزیۆنیدا لە بنکەی وەزارەتی بەرگریی لوبنان وتی: ئەرکی هەموو لایەنە سیاسییەکانە کە بەبێ دوودڵی ئەم دەرفەتە مێژووییە بقۆزنەوە و هەوڵ بدەن بۆ ئەوەی تەنیا چەکەکان لە دەستی ئەرتەش و هێزە ئەمنییەکاندا بێت نە هیچ کەسێکی تر.

گرووپی حیزبوڵڵای لوبنان چەندین جار دژایەتیی ئەم داواکارییەیان کردووە، بەڵام ئەمریکا لە چەند مانگی ڕابردوودا گوشارەکانی بۆ داماڵینی چەک لە حیزبوڵڵا زیاد کردووە.

حیزبوڵڵای لوبنان کە لە دوای شەڕی ئەم دواییەی لەگەڵ ئیسرائیل زیانێکی زۆری بەر کەوتووە، دەڵێ بانگەوازەکان بۆ داماڵینی چەک لە گرووپی پشتیوانی کۆماری ئیسلامی، لە بەرژەوەندیی ئیسرائیلدایە.

پێنج سەرچاوەی ئاگادار لەو بابەتە بە هەواڵدەریی ڕۆیتێرزیان ڕاگەیاندووە، ئەمریکا داوای لە بەیرووت کردووە بڕیارێکی فەرمیی کابینەی حکوومەت بۆ داماڵینی چەک لە حیزبوڵڵا بدات.

ئەو سەرچاوانە ئاماژەیان بەوەش کردووە، ئەمریکا دەیەوێت ئەو بڕیارە پێش دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکان بۆ ڕاگرتنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئیسرائیل لە لوبنان بدرێت.

نەعیم قاسم سکرتێری گشتیی حیزبوڵڵای لوبنان ڕۆژی چوارشەممە، ڕایگەیاند "ئەوانەی خوازیاری ڕادەستکردنی چەکن، لە ڕاستیدا دەیانەوێت ئەو چەکانە ڕادەستی ئیسرائیل بکەن، ئێمە تەسلیمی ئیسرائیل نابین".

شەڕی ئەم دواییەی نێوان حیزبوڵڵا و ئیسرائیل بووە هۆی نەمانی بەشێکی زۆر لە سەرکردایەتیی ئەو گرووپە لەوانە حەسەن نەسروڵڵا و کوشتنی هەزاران کەس لە هێزی ئەو گرووپە و ئاوارەبوونی دەیان هەزار لایەنگرانی بەهۆی وێرانکردنی ماڵەکانیان.

ڕۆیتێرز نووسیویەتی، هەرچەندە حیزبوڵڵا بە ئاشکرا ڕەتی کردووەتەوە چەکەکانی بە تەواوی ڕادەست بکات، بەڵام تا ئێستا بیر لە کەمکردنەوەی بەشێک لە جبەخانەکانی بازنەکانی نێوخۆی خۆی دەکاتەوە.

کەمتر لە مانگێک لەمەوبەر توماس باراک نێردراوی تایبەتی ئەمریکا لە بەیرووت لەگەڵ بەرپرسانی لوبنان کۆ بووەوە و تاوتوێی پلانی چەکدانانی حیزبوڵڵای لوبنانیان کرد.

بەپێی ئەو پلانە لە ماوەی چوار مانگدا حیزبوڵڵا دەبێ چەکەکانی دابنێت، لە بەرامبەردا ئیسرائیل لە چەند پێگەیەکی داگیرکراو لە باشووری لوبنان دەکشێتەوە و کۆتایی بە هێرشە ئاسمانییەکانی دێنێت.