
دوابەدوای هەڵپەساردنی فەرمیی هاوکاریی ڕێژیمی ئێران لەگەڵ ئاژانسی وزەی ناوکی، شەپۆلێک لە کاردانەوە نێودەوڵەتییەکان هاتنە ئاراوە و وڵاتانی ئەمریکا، ئاڵمان و فەرانسەوە ئەم بابەتەیان مەحکووم کرد.
تامی بروس، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، ڕۆژی چوارشەممە بە شێوازێکی توند وتی: ئەم هەوڵەی ئێران قەبووڵ نەکراوە و ئێران دەبێ دەسبەجێ هاوکاری لەگەڵ ئاژانس دەست پێ بکاتەوە.
ژان نوئێل بارۆ، وەزیری دەرەوەی فەرانسەش لە وتووێژێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی لۆمۆند هۆشداری داوە کە لە ئەگەری درێژەدانی سەرپێچیکردنی ئێران لە هاوکاری لەگەڵ ئاژانس، وڵاتانی ئورووپایی ئامادەن "مێکانیزمی ماشە" چالاک بکەنەوە.
ناوبراو ڕایگەیاند کە تەنیا بە ناردنی نامەیەکی فەرمی، دەتوانین گەمارۆی جیهانیی چەکوچۆڵ، پێداویستیی ناوکی، بانکەکان و بیمە دژی ئێران کە لە ١٠ ساڵ پێشەوە هەڵوەشابووەوە بگەڕێنینەوە.
هاوکات مارتین گیزە، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئاڵمان لە کاردانەوەیەکی بێوێنەدا، ڕاگەیاندنی ئەم یاسایەی لەلایەن دەوڵەتی ئێرانەوە بە پەیامێکی کارەساتبار ناو برد.
لە وڵامی هۆشدارییە نێودەوڵەتییەکاندا، بەرپرسانی ڕێژیم هەڕەشەیان کردووە کە لە ئەگەری چالاکبوونەوەی مێکانیزمی ماشەدا، ئەگەری هەیە لە پەیماننامەی ئێن پی تی بچنە دەرەوە.
مەسعوود پزشکییان ڕۆژی چوارشەممە ١١ی پووشپەڕ، یاسای "پێبەندبوونی دەوڵەت بە هەڵپەساردنی هاوکاری لەگەڵ ئاژانسی وزەی ناوکی"ی پاش پەسەندکردن و پشتڕاستکردنەوەی لەلایەن شۆرانی نیگابانەوە بە فەرمی ڕاگەیاند.