کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆنگرەی ئەمریکا بۆ ڕێگریکردن لە دروستکردنی بۆمبی ناوکیی ئێران پێشنیاری داوە فڕۆکەی بی-٢ بە ئیسرائیل بدرێت

11:31 - 12 پووشپەڕ 2725

یاسادانەرانی هەردوو حیزبی ئەمریکا پڕۆژە یاسایەکیان پێشکەشی مەجلیسی نوێنەران کردووە کە دەسەڵات بە سەرۆککۆماری ئەمریکا دەدات ئەگەر دیاری بکات کە کۆماری ئیسلامیی ئێران بەدوای بەرهەمهێنانی چەکی ناوکییە، بۆمبی سەنگرشکێنی ٣٠ هەزار پۆندی جی بی یو ٥٧ و هەروەها فڕۆکەی بۆمبڕێژکراوی بی-٢ بە ئیسرائیل بدات.

بەپێی ڕاپۆرتی ''فاکس نیووز'' دوو یاسادانەری ئەمریکایی بە ناوەکانی جاش گاتهایمێر لە حیزبی دیموکرات لە نیوجێرسی و مایک لاولێر لە حیزبی کۆماریخواز لە نیویۆرک ئەم پڕۆژە یاسایەیان پێشکەش بە مەجلیسی نوێنەران کردووە.

 جاش گاتهایمێرڕۆژی چوارشەممە نووسیویەتی کۆماری ئیسلامی گەورەترین پشتیوانی دەوڵەتی بۆ تێرۆر لە جیهانە و لە کوژرانی هەزاران ئەمریکایی بەرپرسیارە، ئێستا کە ئێران بەرنامە ناوکییەکەی نۆژەن دەکاتەوە، پێویستە زۆرترین ڕێگری بکەین.''

هەروەها ''مایک لاولێر''یش نووسیویەتی پلانەکە بۆ پشتیوانیکردن لە ئیسرائیل و وەستاندنی هەڕەشە ناوکییەکانی ئێران داڕێژراوە. لە هیچ بارودۆخێکدا نابێت ڕێگە بە ئێران بدرێت چەکی ناوکی بەدەست بهێنێت.''

فڕۆکە بۆمبڕێژکراوەکانی ئەمریکیایی بی-٢ توانای هەڵگرتنی بۆمبی جی بی یو ٥٧ هەیە و جگە لە ئەمریکا هیچ وڵاتێک ئەو جۆرە بۆمبهاوێژەی نییە کە لە هێرشی ئەم دواییەی ئەمریکا بۆ سەر سێ سایتی فۆردۆ، نەتەنز و ئێسفەهان کەڵکیان لێ وەرگیرا.