کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەیاننامەی زیندانییانی سیاسی سەبارەت بە دۆخی زیندانی ئێڤین دوای هێرشی ئیسرائیل

11:05 - 10 پووشپەڕ 2725

کۆمەڵێک زیندانیی سیاسی سەبارەت بە هێرشی ئاسمانیی ئیسرائیل بۆ سەر زیندانی ئێڤین و بارودۆخی نائاسایی و نامرۆڤانەی زیندانییانی سیاسی و سیاسەتی تۆقاندن و سەرکوتکردن و گرتن و دەسبەسەرکردنی بەکۆمەڵ لە کۆمەڵگادا بەیاننامەیەکیان بڵاو کردەوە.

لەو بەیاننامەیەدا کە ڕۆژی دووشەممە ٩ی پووشپەڕ بڵاو کرایەوە، هاتووە کە حەوت ڕۆژ پێش هێرشەکە، زیندانییانی سیاسی، بەرپرسانی زیندانیان لە مەترسییە گیانییەکانی لە ئەگەری هێرشێک ئاگادار کردبووەوە و بەپێی بڕیاری دەسەڵاتی بەناو دادوەری لە بارودۆخی سەردەمی شەڕدا داوای ئازادکردنی کاتییان کردبوو.

بەڵام دوای ئەو هێرشە، بەرپرسانی زیندان بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە و بە زۆر بەندکراوانیان بۆ زیندانی تارانی گەورە گواستەوە.

گواستنەوەی زیندانییان کە ١٤ کاتژمێری خایاند، لە کاتێکدا ئەنجام درا کە هێزی ئاسمانی تەقەیان دەکرد و هێزە تایبەتەکان گەمارۆی زیندانییەکانیان دابوو. ئەم گواستنەوەیە زیندانییەکانی خستە مەترسییەکی گەورەوە. هەروەها ژنانی ناو زیندانەکە بەهەمان شێوە بەهۆی تەقینەوەکە و گواستنەوەکە تووشی برینی دەروونی و جەستەیی بوون.

لە درێژەی بەیاننامەکەدا هاتووە: "بەهۆی ئەو کەمترخەمی و سەرسەختییەوە، لانیکەم ٧١ کەس کە  پێرسۆنێلی ئێڤین و پزیشک و سەرباز و زیندانی و کەسوکاریان لە خۆدەگرێت کوژراون.

ژمارەی ٧١ کەس لە بەیاننامەیەکدا لەلایەن کۆمەڵێک زیندانی سیاسییەوە لە حاڵێکدا ڕاگەیەندراوە کە وتەبێژی دەزگای بەناو دادوەریی ڕێژیم ڕۆژی دووشەممە ئەم ژمارەیەی بۆ ٧٩ کەس زیاد کردووە.

لە کۆتایی بەیاننامەکەدا هۆشداری دراوە کە ئەم دۆخە نائاساییە تەحەمول ناکرێت و دەبێ بەخێرایی بگۆڕێت، هەروەها دەبێ سیاسەتی تۆقاندن و سەرکوتی دڕندانەش ڕابگیرێت.