
لەگەڵ بەردەوامبوونی پچڕانی خزمەتگوزارییەکانی بانکی میللەت دوای دوو حەفتە لە هێرشە سایبێرییەکان، پارەی نانەواکان لە ئامێرەکانی نانینۆ کە بە حیسابی بانکی سێپەهـەوە بەستراوەتەوە، بلۆک کراوە و فرۆشتنی نانی یارانەیی سنووردار دەکرێتەوە.
بە وتەی محەممەدجەواد کەرەمی، بەرپرسی گرووپی کاری ئارد و نان لە ژووری بازرگانیی ئێران و تاران، هاککردنی بانکی سێپەهـ سیستمی ئارد و نانی پەک خستووە، چونکە پارەی کڕینی نان دەخرێتە سەر حیسابی نانەواکان، بەڵام بە کردەوە ناتوانن ئەو پارەیە وەربگرنەوە.
پارەی کڕینی نان لە حاڵێکدایە لە ڕێگەی ئامێری نانینۆوە دەخرێتە سەر حسابی نانەواکان کە هەموویان بەستراوەتەوە بە بانکی سێپەهـەوە. بە وتەی کەرەمی، قۆرخکاریی ئێستای بانکێک لە بواری ئارد و نان بەو مانایەیە کە ئەگەر نانەوایەک ئامێرێکی دیکە بەکار بهێنێت بۆ وەرگرتنی پارەی نان، ئەوا پشکی ئاردەکەی دەبڕدرێت.
بە سەرنجدان بەوەی کە سیستمی نانینۆ کەوتۆتە بواری جێبەجێکردنەوە، سنووردارکردنی فرۆشتنی نانی یارانەیی گەڕاوەتەوە بۆ ماوەی ١٢ ڕۆژەی پێش شەڕ، هەروەها بەشە ئاردی نانەواخانە دەوڵەتییەکانیش دووبارە کەم کراوەتەوە و بەپێی ڕێکاری پێشوو ئەنجام دەدرێت.
بەرپرسی گرووپی کاری ئارد و نان سەبارەت بە زیادکردنی نرخی نان وتی: "بەرزکردنەوەی نرخی نان پێش شەڕ باس کرا، دەوڵەتیش گەیشتە ئەو ئەنجامەی کە پێویستە پێداچوونەوە بە نرخی نان بکرێت، بەڵام بەهۆی هەڵگیرسانی شەڕەوە ئەمە دواکەوت".