
ڕۆژی چوارشەممە، ۱۱ی پووشپەڕی ١٤٠٤، هاوڕێی پێشمەرگە سابیر عەبدوڵڵاهی، ناسراو بە سابیر سارتکەیی، بە هۆی ڕووداوێکی هاتوچۆوە گیانی لەدەست دا و چووە ڕیزی کاروانی شەهیدانی کوردستانەوە.
هاوڕێ سابیر لە ساڵی ١٣٧٣ لە گوندی سارتکەی ناوچەی ڕەبەت، لە بنەماڵەیەکی تێکۆشەر و شۆڕشگێڕ لەدایک بووە. تا ساڵی ١٣٩٦ لە گوندی سارتکە لەگەڵ بنەماڵەکەی دەژیا.
لە ساڵی ١٣٨٧، کاتێک شەهید هەمزە سارتکەیی، فەرماندەی تێکۆشەر و بەوەفای حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، شەهید دەبێ، سابیر کە هێشتا لە تەمەنێکی کەمدا بوو، کەوتە ژێر کاریگەریی ئەم ڕووداوە. کاتێک لە ساڵی ١٣٩٦ گەیشتە تەمەنی یاسایی، لەگەڵ برا و خوشکێکی دیکەی، ڕێگای خەبات و تێکۆشانیان گرتەبەر و هاتنە ڕیزی هێزی پێشمەرگەی کوردستانەوە و چەکی پێشمەرگایەتییان لەشان کرد تاکوو خزمەت بە نیشتمان بکەن.
سابیر کوڕێکی وڵاتپارێز، بەوەفا، چالاک، دڵسۆز و نیشتمانپەروەر بوو. لە ماوەی چەند ساڵی پێشمەرگایەتییدا، لە ئۆرگانەکانی پێشمەرگە لە هێزەکانی شاخ و ناوەندی دارایی، و مەڵبەندی ۲ی کوردستان خزمەتی کردووە. بۆ ماوەی ۲ ساڵ وەک سەرپەلی پەلێک لە پێشمەرگەکان لە مەڵبەندی ۲ی کوردستان دیاری کرابوو و ئەرکەکانی خۆی بە باشی ئەنجام دەدا.
بەداخەوە، پێشنیوەڕۆی ۱۱ی پووشپەڕ، لە شاری کۆیە، بەهۆی ڕووداوێکی هاتوچۆوە گیانی لەدەست دا.
ناوەندی هێزی پێشمەرگەی کوردستان، سەرەخۆشی و هاوخەمیی خۆی بۆ شەهیدبوونی ئەم پێشمەرگە بەوەفایەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بە خوشک و برا و هاوسەرە پێشمەرگەکەی و کەسوکاری ڕادەگەینێ و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.
ناوەندی هێزی پێشمەرگەی کوردستان
١١ی پووشپەڕی ١٤٠٤