کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆچی دوایی برای شەهیدێکی حیزبی دێموکرات لە مەریوان

14:27 - 12 پووشپەڕ 2725

ڕۆژی یەکشەممە ٨ی پووشپەڕی ١٤٠٤، کاک جەلال کۆنەپۆشی، برای شەهیدێکی حیزبی دێموکرات بە هۆی نەخۆشییەوە لە گوندی بایەوە سەر بە شاری مەریوان کۆچی دوایی کرد.

 کاک جەلال لەدایکبوی ساڵی ١٣٤٧ و کەسێکی خۆشەویست و جێگای متمانەی خەڵکی بایەوە و مەریوان بوو.

ناوبراو منداڵی دووهەمی بنەماڵە پاش شەهید لەتیف بوو. هەر لە منداڵییەوە کەسێکی پڕ وزە بوو و لە تەمەنی گەنجێتیدا لەگەڵ تیمی فووتباڵی مەریوان یەک لە یاریزانە باشەکانی ئەو سەردەمەی مەریوان بوو.

شەهید لەتیف کۆنەپۆشی لەدایکبووی ساڵی ١٣٤٤ لە بایەوە و کادری دەرەجە ٤ی حیزبی دێموکرات بوو کە لە ڕێکەوتی ١٧ی پووشپەڕی ١٣٦٨ی هەتاویدا لە تێکهەڵچوون لەگەڵ هێزە داگیرکەرەکانی ڕێژیمدا کە گوندی دەگاگا شەهید بوو.

شەهید لەتیف كۆنەپۆشی لە ساڵەكانی ٦٠دا وەک ئەندامی کومیتە شارەستانی مەریوان لە ڕیزی تێكۆشەرانی كوردستان و حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێراندا لە ئەرک و تێکۆشان بەشدار بوو.

بنەماڵەی کۆنەپۆشی بنەماڵەیەکی نیشتمانپەروەرن کە لە سەرەتاكانی شۆڕشی گەلانی ئیرانەوە ئاڵاهەڵگری شوڕش بوون و بەوپەڕی سەخاوەتەوە لە گیان و ماڵ و زێدیان مایەیان دانا و لە پاش سەركەوتنی شوڕش و بەتاڵانچوونی لەلایەن ڕێژیمی دژەگەلیی كۆماری ئیسلامییەوە، ئەمان ئاڵای خەبات و خۆڕاگرییان هەڵ كرد و بوونە شوێنكەوتووی شۆڕشگێڕان و بۆ مسۆگەركردنی مافی ڕەوای گەل خەباتیان كرد.

ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەم بۆنەوە سەرەخۆشی لە بنەماڵە و خزم و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.