کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ترس لە ئیسرائیل ڕێگەی نەدا خامنەیی لە ڕێوڕەسمەکانی موحەڕەم بەشداری بکات

15:09 - 12 پووشپەڕ 2725

عەلی خامنەیی، ڕێبەری ڕێژیمی ئێران، پاش تێپەڕبوونی زیاتر لە ١٠ ڕۆژ لە ئاگربەستیش هێشتا لە حەشارگەکەی نەهاتووەتە دەرەوە و تەنانەت بەشداریی لە ڕێوڕەسمەکانی مانگی "موحەڕەم"ـیشدا نەکردووە.
دەرنەکەوتن و خۆشاردنەوەی ڕێبەری ڕێژیمی ئێرانی بووەتە سەرچاوەی دوو بەرەی جیاواز لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا.
بەرەیەک خۆشاردنەوەی ڕێبەری ڕێژیمیان کە فەرماندەیی گشتیی هێزە چەکدارەکانی لە ئەستۆیە، بە هەوڵێکی ترسنۆکانە زانیوە و سەدان نوکتە و چیرۆکی گاڵتەجاڕییان بۆ دروست کردووە.
لە بەرامبەریشدا بەرەیەکی دیکە کە سەر بە ڕیژیمن و بەپێی لێکۆڵینەوەکان زۆربەیان لە هەژمارە فەیکەکان کەڵک وەردەگرن، پشتیوانییان لە خۆشاردنەوەی ڕێبەری ڕێژیم کردووە و ئەم هەوڵەیان بە هەوڵێکی خۆپارێزانە لەقەڵەم داوە.
خۆحەشاردانی عەلی خامنەیی هەر لە یەکەم ساتەکانی دەسپێکی شەڕەوە تاکوو ئێستا بەردەوام بووە.
ئەمە لەکاتێکدایە کە ناوبراو لە ساڵانی ڕابردوودا تانەی لە سەرکردەکانی وڵاتانی ڕۆژاوایی دابوو کە ئەوان لە کاتی شەڕدا خۆیان دەشارنەوە.
خامنەیی زیادیشی کردبوو کە خۆی و بەرپرسانی دیکەی ئێران لە کاتی شەڕدا خۆیان ناشارنەوە و دەکەونە پێش هێزە چەکدارەکان و خەڵکەوە.
لەلایەکی دیکەوە دەرکەوتنی بێنیامین نێتانیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل و سەرکردە سیاسی و سەربازییەکانی دیکەی ئیسرائیل لە کاتی شەڕدا لەنێو خەڵکەکەیاندا، ئەم قسانەی خامنەیی بەتەواوی ڕەت کردووەتەوە.
بەپێی زانیارییەکان عەلی خامنەیی و بنەماڵەکەی هەر لە یەکەم ساتەکانی شەڕەوە تاکوو ئێستا لە حەشارگەیەک لە ژێر زەویدا ماونەتەوە و تەنانەت بۆ ڕێوڕەسمی ناشتنی فەرماندەکانی سپای پاسداران و کوژراوانی شەڕی ١٢ ڕۆژەش نەهاتوونەتەوە دەرەوە.
خامنەیی لە ترسی کوژرانی لەلایەن ئیسرائیلەوە تاکوو ئێستا بەشداریی لە ڕێوڕەسمەکانی ماتەمینی مانگی موحەڕەمی ئەمساڵدا نەکردووە.
ئەم ڕێوڕەسمانە لە گرینگترین ڕێوڕەسمە ئایینییەکانی مەزهەبی شێعەن کە کۆماری ئیسلامی ساڵانێکە بۆ بڵاوکردنەوەی ئیدۆلۆژی خۆی کەڵی لێ وەردەگرێت.