
کۆمیتەی پێوەندییە نێودەوڵەتییەکانی پارلەمانی بێلژیک، بە زۆرینەی دەنگ سپای پاسدارانی وەک ڕێکخراوێکی تێرۆریستی، پیناسە کرد.
دەریا سەفایی ئەندامی پارلەمانی بێلژیک و چالاکوانی مافی مرۆڤ، لەم پێوەندییەدا لە هەژماری ئێکسی خۆیدا نووسی: "بێلژیک بە پەسەندکردنی ئەم بڕیارنامە پەیامێکی ڕوون دەنێرێت کە ئەمەیە، تێرۆریزم نابێت بێ سزادان بمینێتەوە تەنانەت ئەگەر سپای پاسدارانیش بێت".
ناوبراو ڕۆژی پێنجشەممە ١٢ی پووشپەڕ وێڕای پشتڕاستکردنەوەی هەواڵەکە، جەختی کردووەتەوە کە سپای پاسدارن نە تەنیا لە پێشێلکردنی مافی مرۆڤ و سەرکوتی خەڵک لە ئێران ڕۆڵی هەیە، بەڵکوو لە ئاستی نێونەتەوەییشدا چالاکیی تێرۆریستیی هەیە.
ئەمریکا و کانادا پێشتر سپای پاسدارانیان خستووەتە نێو لیستەی گرووپە تێرۆریستییەکانی جیهانەوە.
بێلژیک یەکەمین وڵاتی ئورووپاییە کە پاش ئەمریکا و کانادا ئەم گرووپە وەک گرووپیکی تێرۆریستی پیناسە دەکات.
دەریا سەفایی لە پۆستەکەیدا زیادیشی کردووە کە ئەم بڕیارەی پارلەمانی بێلژیک، خاڵێکی وەرچەرخان لە پارێزراویی ڕێژیمی ئێران لە بەرامبەر سزاداندایە و بێلژیک دەکاتە یەکەمین وڵاتێکی ئورووپایی کە ئەم هەوڵەی گەیاندووەتە ئەنجام.
سەفایی، بوێریی سیاسیی برووکسێلی ستایس کردووە و جەختیشی کردووەتەوە کە بێلژیک لە ئاستی نێودەوڵەتیدا دەسپێشخەری کردووە و لە ئێستادا نورەی یەکیەتیی ئورووپایە کە ڕێگەکە درێژە پێ بدات.
یەکیەتیی ئورووپا ساڵانێکە کە بابەتی پێناسەکردنی سپای پاسداران وەک گرووپێکی تێرۆریستیی لە بەرنامەکانیدایە، بەڵام تاکوو ئێستا ئەم بابەتە بە کردەوە ئەنجام نەدراوە.