کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شەپۆلی نوێی دەسبەسەرکرانەکان لە ئێران؛ دەسبەسەرکرانی لانیکەم ٩٠٠ کەس

10:23 - 14 پووشپەڕ 2725

سەرەڕای ڕاگەیاندنی ئاگربەست لە نێوان ئیسرائیل و کۆماری ئیسلامیدا، شەپۆلێکی بەرینی دەسبەسەرکرانەکان لە نێوخۆی ئێراندا دەستی پێ کردووە و هەروا درێژەی هەیە.

ڕێکخراوی مافی مرۆیی هەنگاو لە نوێترین ڕاپۆرتی خۆیدا ڕایگەیاندووە کە لە کاتی دەسپێکردنی شەڕەکەوە تاکوو ئێستا، لانیکەم ٩٠٠ کەس لە شارە جیاوازەکانی ئێران لەوانە ٤٠ ژن، ١٨ کچی مێرمنداڵی کەمتر لە تەمەنی ١٨، دوو هاووڵاتیی ئەفغانستانی و ٨ هاووڵاتیی ئورووپایی دەسبەسەر کراون.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، ئەم دەسبەسەرکرانانە زیاتر بە وەپاڵدانی تۆمەتی سیخوڕی بۆ ئیسرائیل، پڕوپاگەندە دژی ڕێژیم و تێکدانی بیروڕای گشتی بووە و پاش کۆتاییهاتنی شەڕەکەش هەروا بەردەوامن.

بەپێی ڕاپۆرتی هەنگاو، بەشێکی بەرچاو لە دەسبەسەرکراوان لە هاووڵاتییانی کورد پێک هاتووە و بەپێی زانیارییەکان، لە پارێزگای کرماشان ١٢٧ کەس، لە ورمێ ٩١ کەس، لە سنە ١٨ کەس و لە ئیلام ٥ کەس دەسبەسەر کراون کە ٢٦ کەسی ئەم ڕێژەیە لە ژنان و کچان پێک هاتووە.

لە نێوان ژنانی دەسبەسەرکراودا لە کوردستان، ١٨ کچی خوار تەمەنی ١٨ ساڵ لە ورمێ، ٦ ژن لە کرماشان و لە سنە و ئیلامیش هەرکامیان یەک ژن دەسبەسەر کراوە.

لە نێوان دەسبەسەرکراواندا، ٨ هاووڵاتیی ئورووپایی و دوو هاووڵاتیی ئەفغانستانیش دەبیندرێن کە لە پارێزگاکانی کرماشان، تاران، هەمەدان، بووشێهر، ئێسفەهان، مازەندەران، هورموزگان و کۆهگیلوویە دەسبەسەر کراون.

کۆماری ئیسلامی پێشتریش بە کەڵکوەرگرتن لە هەبوونی هاووڵاتییانی ئورووپایی بۆ ئامانجە سیاسی و دیپلۆماتیکەکانی تۆمەتبار کراوە و ئەم ڕەوتە لە شەپۆلی دەسبەسەرکرانەکانی ئەم دواییانەشدا دەبیندرێ.

دەزگای دادوەریی ڕێژیم هەروەها گەڵاڵەیەکی پەسەند کردووە کە ناردنی وێنە و ڤیدیۆ لە ڕووداوەکانی نێوخۆی ئێران بۆ میدیا دەرەکییەکان بە تاوان دەانێ و سزای ١٥ هەتا ٢٠ ساڵ بەنددکرانی داسەپاو و بێبەریبوونی هەمیشەیی لە خزمەتگوزارییە دەوڵەتییەکانی بەدواوە دەبێ.