کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سێ وڵاتی ئورووپایی، هەڕەشەکانی کۆماری ئیسلامییان دژی ڕافائیل گروسی مەحکووم کرد

11:12 - 10 پووشپەڕ 2725

سێ وڵاتی بریتانیا، فەرانسە و ئاڵمان، ڕۆژی دووشەممە ٩ی جۆزەردان، لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا کە لەلایەن وەزارەتەکانی دەرەوەی هەر سێ وڵاتەوە بڵاو کرایەوە، ڕایانگەیاند: ''هەڕەشەکان بۆ سەر ڕافائیل گروسی، بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ناوکی مەحکووم دەکەن و پشتیوانیی تەواوی خۆیان بۆ ئاژانس و بەڕێوەبەرەکەی لە جێبەجێکردنی ئەرکەکەیان دووپات دەکەنەوە.''

لەو بەیاننامەیەدا هاتووە: ''داوا لە دەسەڵاتدارانی ئێران دەکەین کە خۆیان لە هەر کارێک بۆ ڕاگرتنی هاوکاری لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ناوکی بەدوور بگرن. داوا لە ئێران دەکەین دەستبەجێ هاوکاریی تەواو بەپێی ئەرکە یاساییەکانی پێبەندبوون دەست پێ بکاتەوە و هەموو ڕێوشوێنی پێویست بۆ دەستەبەرکردنی تەندروستی و ئەمنییەتی پێرسۆنێلی ئاژانس بگرێتەبەر.

لە بەیاننامە هاوبەشەکەی ئەو سێ وڵاتەدا ئاماژە بەوە نەکراوە کە چ هەڕەشەیەک لە دژی گروسی کراوە.

شۆاری حوکامی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ناوکی سەرەتای ئەم مانگە دەنگی دا کە ئێران پێبەندییەکانی خۆی بەپێی پەیماننامەی جیهانی قەدەغەکردنی چەکی ناوکی پێشێل کردووە و هاوکاریی ئەو ئاژانسە ناکات. بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران پێیان وایە ئەم بڕیارنامەیە زەمینەی بۆ هێرشەکانی ئیسرائیل خۆش کرد.

ڕۆژنامەی کەیهان سەر بە خامنەیی  ئیدیعای کردووە کە دەیان بەڵگەنامەی سیخوڕی لە دژی گروسی هەیە و ئاماژەی بەوەش کردووە: '' دەبێ بە فەرمی ڕایبگەیەنن کە گروسی لە کاتی هاتنی بۆ ئێران، بە تاوانی سیخوڕیکردن بۆ مووساد و بەشداریکردن لە کوشتنی خەڵکی ئێران دادگایی دەکرێت و لە سێدارە دەدرێت.''

ئەمیر سەعید ئیرەوانی، نوێنەری کۆماری ئیسلامی لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کاناڵی ''سی بی ئێس''ی ئەمریکا ڕایگەیاند کە ئەو هەڕەشەیەی ڕۆژنامەی کەیهان کردوویەتی قەبووڵ نییە.

ناوبراو ڕایگەیاند کە ئێران هیچکات پیتاندنی ئورانیۆم ڕاناگرێت، ئاماژەی بەوەش کرد، هیچ هەڕەشەیەک لەلایەن ئێرانەوە بەرامبەر بە پشکێنەران و بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ناوکی نییە.