
وەزیری بەرگریی ئیسرائیل ڕۆژی هەینی لە قسەکانی خۆیدا زۆر ڕاشکاوانە ڕایگەیاند کە ئەم وڵاتە ئەرکی دابینکردنی گەڵاڵەیەکی گشتی و عەمەڵیاتی بۆ پێشگرتن لە گەڕانەوەی ڕێژیمی ئێران بۆ پێگەی پێشووی خۆی وەک هەڕەشيیەک بۆ سەر ئەمنییەتی ئیسرائیل لەئەستۆیە.
یێسرائیل کاتز لە دانیشتنێکدا لەگەڵ فەرماندە باڵاکانی ئەرتەشەکەی جەختی کردەوە: "ئەرتەشی ئیسرائیل توانیویەتی بەرنامەی ناوکی و تۆڕی بەرهەمهێنانی مووشەکی ئێران بە تەواوەتی تێک بدات؛ تۆڕێک کە یەکێک لە گرینگترین هەڕەشەکان دژی ئەمنییەتی ئیسرائیل بەئەژمار دێت.
کاتز لە درێژەدا ڕایگەیاندووە کە ئەرتەشی ئیسرائیل لە کاتی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنەکانی خۆیدا بە شێوەی ڕاستەوخۆ، فەرماندە ئێرانییەکان، ژێرخانەکانی چەکوچۆڵ و ئامانجە ستراتێژیکەکانی کۆماریی ئیسلامیی کردووەتە ئامانج.
ئەم بەرپرسە ئیسرائیلییە جەختی کردەوە کە ئەرتەشی ئەم وڵاتە ئێستا خەریکی ئامادەکردنی گەڵاڵەیەک بۆ پێشگرتنی یەکجاریی تاران لە نۆژەنکردنەوەی هێزی نیزامیی خۆیەتی.
ناوبراو هەروەها بڕیاری ئامادەکردنی زانیارییەکانی ئۆپەراسیۆن و هەواڵگریی داوە و ڕایگەیاندووە: دەبێ گەرەنتی بکەین کە هێزی ئاسمانیی ئیسرائیل باڵادەستیی خۆی لە ئاسمانی ئێراندا بپارێزێ. ئەمە بڕیارێک بۆ کۆنتڕۆڵکردنی هەڕەشەکانی کۆماری ئیسلامییە.
وتەکانی وەزیری بەرگریی ئیسرائیل لە کاتێکدایە کە ئاڵۆزییەکانی نێوان تاران و تێلاڤیڤ بەتایبەت دوای شەڕەکەی ئەم دواییانە و هێرشە دوولایەنەکان گەیشتووەتە قۆناغێکی بێوێنە لە بەرەوبوونەوەی ڕاستەوخۆ.
لەکاتێکدا کە کۆماری ئیسلامی لە ڕێگەی بەهێزکردنەوەی هێزە نیابەتییەکانی و پەرەدان بە توانای مووشەکیی خۆی بەرسەر ناوچەکەدا هەوڵی نیشاندانی هێزی خۆی هەیە، ئیسرائیلیش ڕاشکاوانە ڕایگەیاندووە کە هیچ دەرفەتێک بۆ نۆژەنکردنەوەی هێز بە تاران نادات.