کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نیگەرانیی مای ساتۆ لە بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێی بەندکراوانی ئێڤین

10:37 - 14 پووشپەڕ 2725

ڕیپۆرتێری تایبەتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ مافەکانی مرۆڤ لە ئێران ڕۆژی هەینی ١٣ی پووشپەڕی ١٤٠٤ لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "ئێکس" یادداشتێکی بڵاو کردەوە و نیگەرانیی خۆی لە ئەگەری "بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ"ی بەشێک لە بەندکراوانی سیاسی لە بەندیخانەی ئێڤین لەوانە ئەحمەدڕەزا جەلالی توێژەری ئێرانی-سویدی و حوسێن ڕەونەقی و براکەی دەربڕی.

"مای ساتۆ" نووسیویەتی: بەردەوام هەواڵی خراپتربوونی بارودۆخی ئەو زیندانییانەم پێ دەگات کە دوای هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر زیندانی ئێڤین، بۆ زیندانی تارانی گەورە و زیندانی قەرچەک گواستراونەتەوە. تا ئێستا شوێنی هێندێک لە بەندکراوانی ئێڤین نادیارە، ئەمەش نیگەرانی لە ئەگەری بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ زۆرتر دەکات.

ناوبراو بەرامبەر بە شەپۆلی دەسبەسەرکرانەکان بە تۆمەتی سیخوڕیکردن بۆ ئیسرائیل، بە ئاماژەدان بە چەندین ڕاپۆرتی دەسبەسەرکردنی سەدان هاووڵاتی، لەوانە چالاکانی میدیا، بەکارهێنەرانی سۆشیال میدیا، ڕۆژنامەنووس، بەرگریکارانی مافی مرۆڤ و هاووڵاتییانی بیانی، لە نێویاندا پەنابەرانی ئەفغانستانی، کەمینە نەتەوەیی و ئایینییەکان، ناڕەزایەتیی دەربڕی.

ڕێپۆرتێری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان سەبارەت بە چڕکردنەوەی لەسێدارەدانی ئەو زیندانییانەی کە بە سیخوڕیکردن بۆ ئیسرائیل یان هاوکاری لەگەڵ دەوڵەتانی دوژمن تۆمەتبارن، نووسیویەتی: ''لە لێدوانە فەرمییەکان سەبارەت بە بەڕێوەچوونی دادگاییکردنی خێرا لەسەر تۆمەتی سیخوڕی، کە دەتوانێت مەترسی لەسێدارەدانی خێرا یان سزادان بەبێ ڕێوشوێنی پێویست زیاد بکات، نیگەرانم.''

مای ساتۆ لە درێژەدا هۆشداریی بە کۆماری ئیسلامی دا: "دەوڵەتان نابێ دۆخی دوای شەڕ وەک دەرفەتێک بۆ زیادکردنی سەرکوتکردنی کەمینە نەتەوەیی و ئایینییەکان و هەروەها ناڕازییەکان بەکار بهێنن".

مای ساتۆ لە کۆتایی ئەم پۆستەدا داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد کە پشتیوانی لە چالاکانی مەدەنیی ئێران بکەن و یارمەتی دارایی و تەکنیکی پێشکەش بە "میدیای سەربەخۆ و گرووپەکانی مافی مرۆڤ" بکەن.