کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەنگاو؛ لانیکەم ٩٩ بەندکراو لە مانگی ژوئەندا لە سێدارە دراون

11:14 - 14 پووشپەڕ 2725

بەپێێ ڕاپۆرتی نوێی ناوەندی ئاماری ڕێکخراوی مافی مرۆیی هەنگاو، لە مانگی ژوئەنی ساڵی ٢٠٢٥دا، لانیکەم سزای لەسیدارەدانی ٩٩ بەندکراو لە بەندیخانەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران جێبەجێ کراوە؛ ئامارێک کە بە بەراورد لەگەڵ مانگی هاوشێوە لە ساڵی ٢٠٢٤ کە یازدە حاڵەت بووە، بەرزبوونەوەیەکی بەرچاو بە ڕێژەی ٨٠٠ لەسەد نیشان دەدات.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، لانیکەم ٧ بەندکراوی سیاسی لەوانە "موجاهێد کورکور" لە دەسبەسەرکراوانی شۆڕشی ژینا، "ئیدریس ئالی"، "ئازاد شوجاعی" و "ڕەسووڵ ئەحمەد ڕەسووڵ" بە تۆمەتی "سیخوڕی بۆ ئیسرائیل" لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە لە سێدارە دراون.

بەپێی جیاکردنەوەی تۆمەتەکان، زیاترین ڕێژەی سێدارەکان پێوەندییان بە تاوانەکانی ماددەی هۆشبەر (٤٥ حاڵەت) و کوشتنی بەئەنقەست (٣٣ حاڵەت) بووە؛ هەروەها لەسێدارەدانی چالاکانی سیاسی و مەزهەبی بە ڕیز ٧ و ٩ حاڵەت ڕاگەیەندراوە.

هەنگاو ڕایگەیاندووە کە لە ماوەی مانگی ڕابردوودا، لانیکەم ١٢ بەندکراوی تورک، ١١ بەندکراوی لوڕ، ١١ بەندکراوی کورد و ٩ بەندکراوی بەلووچ لە بەندیخانەکانی ئێراندا لە سێدارە دراون.

لەم ڕاپۆرتەدا هاتووە کە لە مانگی ژوئەندا، سزای سێدارەی لانیکەم دوو ژن بە تۆمەتی کوشتنی بەئەنقەست و ئەندامەتی لە گرووپە مەزهەبییەکان جێبەجێ کراوە.

هەروەها تەنیا ١٩ حاڵەت لە سێدارەکان بەشێوەی فەرمی و لە ڕێگەی میدیاکانی ڕێژیمەوە ڕاگەیەندراون؛ لەکاتێکدا کە سزای ١٧ بەندکراو بەشێوەی نهێنی و بە بێ ئاگاداریی بنەماڵەکانیان جێبەجێ کراوە و زۆربەیان مافی ئاخرین چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکانیشیان نەبووە.

هەنگاو ڕایگەیاندووە کە زۆرترین ڕێژەی لەسێدارەدانەکان لە پارێزگای ئەلبورز بە ٩ حاڵەت تۆمار کراوە و پاش ئەوەش پارێزگاکانی فارس، خوراسانی ڕەزەوی و ئێسفەهان هەرکامەیان بە ٨ حاڵەت لە ڕیزەکانی دواتردان.