کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

حیزبوڵڵای لوبنان خەریکە تووشی خۆکوژیی سیاسی دەبێت

11:18 - 14 پووشپەڕ 2725

حیزبوڵڵای لوبنان، ملی بۆ پرۆژەیەک داوە کە "تووماس باراک" سەرکونسووڵی ئامریکا لە تورکیە و نێردەی ئامریکا بۆ کاروباری سووریە دایڕشتووە و بەپێی ئەو پرۆژەیە، حیزبوڵڵا نزیک دەبێتەوه لەوەی کە چەک دابنێت.

سەرچاوەکان باس لەوە دەکەن کە حیزبوڵڵا لەگەڵ قۆناخ بە قۆناخی پرۆژەکە ڕەزایەتی دەربڕیوە بەڵام تا ئێستا بڕیاری چەکدانانی نەداوە.

لە دوای ڕووداوەکانی ٧ی ئۆکتۆبر و شکستەکانی حیزبوڵڵا لە بەرامبەر ئیسرائیلدا، حیزبوڵڵا بڕیاری پێداچوونەوەی بە کاروباری خۆی لە هەموو بارێکەوە داوە و بەتایبەت ویستوویانە کە شێوەی چالاکیی چەکدارانەی خۆیان بگوڕن بەڵام تا ئێستا بڕیاری چەکدانانیان نەداوە.

چەند سەرچاوەیەکی ئەمنی و بەرپرسێکی باڵای لوبنانی بە ڕۆیتێرزیان ڕایانگەیاندووە کە ڕێژیمی ئێران وەکوو پێشوو ناتوانێ یارمەتیی حیزبوڵڵا بدات.

بەرپرسێکی دیکە باسی لەوە کردووە کە چەند کۆمیتەیەک ڕێکخراون بۆ ئەوەی کە باس لە سیستەمی ڕێبەری، چالاکیی سیاسی، کۆمەڵایەتی و هەروەها بابەتی چەکوچۆڵی حیزبوڵڵا بکەن.

سەرچاوەکان باس لەوە دەکەن کە ئەو ئەنباری چەکوچۆڵەی کە حیزبوڵڵا ساڵەها بۆ شەڕی ئیسرائیل کۆی کردبووەوە ئێستا بووەتە بار بەسەر خۆیەوە.

سەرچاوەکان هەروەها باس لەوە دەکەن کە حیزبوڵڵا خاوەن هێزێکی ئینسانی زۆر بووە بەڵام ئێستا ئەو هێزە بووەتە بار بەسەریەوە و خەریکە تووشی خۆکوژیی سیاسی دەبێت.