
وەزارەتی خەزێنەداریی ئەمریکا تۆڕێکی بازرگانیی خستە نێو لیستی گەمارۆکانەوە کە بە وتەی ئەو وەزارەتخانەیە بە قاچاخ نەوتی ئێران لە ژێر پەردەی نەوتی عێراق یان تێکەڵ بە نەوتی ئەو وڵاتە دەگوازێتەوە.
ئەو وەزارەتخانەیە سزای بەسەر چەند بەرپرسێکی باڵا و "سندووقی قەرزولحەسەنە"ی حیزبوڵڵای لوبناندا سەپاندووە.
بەپێی بەیاننامەی نووسینگەی کۆنتڕۆڵکردنی دارییە دەرەکییەکانی وەزارەتی خەزینەداریی ئەمریکا ئەو دامەزراوانەی کە ڕۆژی پێنجشەممە ١١ی پووشپەڕ گەمارۆیان خراوەتە سەر، تۆڕێک لەو شیرکەتانەن کە لەلایەن سەلیم ئەحمەد سەعید بازرگانی عێراقییەوە بەڕێوە دەچن، کە بەلایەنی کەمەوە لە ساڵی ٢٠٢٠ـەوە بە میلیاردها دۆلار لە قاچاخی نەوتی ئێران بە پۆشراو یان تێکەڵ بە نەوتی عێراق قازانجی کردووە.
بەپێی بەیاننامەی وەزارەتی خەزینەداریی ئەمریکا، شیرکەتەکانی سەعید بۆ شاردنەوەی چالاکییەکانیان، گواستنەوەی نەوت لە کەشتی بە کەشتی و لە ڕێگەی شاراوەی دیکەوە ئەنجام دەدەن.
لە بەیاننامەکەدا ئەوەش هاتووە کە شیرکەت و کەشتییەکانی ئەو بازرگانە عێراقییە، بە بەکارهێنانی بەڵگەنامەی ساختە بۆ دەربازبوون لە سزاکان، نەوتی ئێران لەگەڵ نەوتی عێراق تێکەڵ دەکەن کە دواتر لە ڕێگەی عێراق یان ئیماراتەوە وەک نەوتی عێراقی بە کڕیارە ڕۆژاواییەکان دەفرۆشرێت”.
سکات بێسنت، وەزیری خەزێنەداریی ئەمەریکا لەم پێوەندییەدا وتی: ''وەزارەتی خەزێنەداری لە کردنەئامانجی سەرچاوەکانی داهاتی تاران بەردەوام دەبێت و گوشارە ئابوورییەکان بۆ تێکدانی دەستپێڕاگەیشتنی ڕێژیم بەو سەرچاوە داراییانەی کە یارمەتیی چالاکییە ناسەقامگیرییەکانی تاران دەدەن، چڕتر دەکاتەوە.
ناوبراو زیادی کرد: ''هەر وەک ترامپ ڕوونی کردووتەوە، ڕەفتارەکانی ئێران ئەو وڵاتەکەی لاواز کردووە؛ سەرکردەکانی ئێران تێرۆریزمی توندئاژۆیان هەڵبژاردووە لە کاتێکدا کە بۆ هەڵبژاردنی ئاشتی دەرفەتی زۆریان بۆ ڕەخساوە.''