کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی بۆکان حوکمی لەسێدارەدانی بەسەردا سەپا

12:26 - 14 پووشپەڕ 2725

ژینۆ بەیگزادە بابامیری، کچی ڕزگار بەیگزادە بابامیری ڕایگەیاند کە باوکی لەلایەن دەزگای بەناو دادوەریی کۆماری ئیسلامییەوە سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێنراوە.

ناوبراو لە لاپەڕەی ئێکسی خۆیدا نووسیویەتی: "بابە سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندرا".

ئەم زیندانییە سیاسییە لە مانگی خاکەلێوەی ساڵی ١٤٠٢ لە کاتی ناڕەزایەتییەکانی "ژن، ژیان، ئازادی" لە شاری بۆکان دەسبەسەر کرا.

ناوبراو پێشتریش بە تۆمەتی "دەست تێدابوون لە کوشتنی بەئەنقەست" سزای ١٥ ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێنرابوو.

تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان لە ٢١ی ڕێبەندانی ١٤٠٣ بڵاوی کردەوە، ڕزگار بابامیری لەلایەن دادگای ئینقلابی ورمێوە بە "بەغی"، "موحارەبە"، "هاوکاری لەگەڵ دەوڵەتانی دوژمن" و "قاچاخی ستارلینک" تۆمەتبار کراوە.

ڕزگار بابامیری وتبووی، لە زینداندا ئەشکەنجە دراوە و ناچار بە دانپێدانانی زۆرەملێ کراوە.

بە وتەی ئەو ناوەندە مافی مرۆییە، بابامیری ماوەی چەند مانگێک بەبێ مافی سەردانی بنەماڵەکەی یان دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەرێک لە ژووری تاکەکەسیدا ڕاگیرا و بۆ وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ ئەشکەنجە درا، پاشان بۆ زیندانی ناوەندیی ورمێ گواسترایەوە".

ئەو هاووڵاتییە کوردە، جووتیارێکی دانیشتووی شاری بۆکانە کە لە پەیوەندی لەگەڵ ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکانی ساڵی ١٤٠١ لە خاکەلێوەی ١٤٠٢ دەسبەسەر کرا، سەرچاوە سەربەخۆکانی مافی مرۆڤ باس لەوە دەکەن کە ئەو تەنیا هاوکاریی دابینکردنی یارمەتی پزیشکی بۆ برینداربووانی شۆڕشی ژینا لە بۆکانی کردووە.