کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕەخنەی کرێکارانی شارەداریی کرماشان بە هۆی دواکەوتنی مووچەکەیان

16:16 - 14 پووشپەڕ 2725

لە سێبەری ناکارامەیی و سیاسەتی سەرکوتکەرانەی کۆماری ئیسلامی، دەیان کرێکاری کرماشان سەرەڕای تێپەڕبوونی ٤٥ ڕۆژ بەسەر کاتی پێدانی مووچەکانیان، هێشتا هیچ پارەیەکیان وەرنەگرتووە.

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی هێرانا، کڕیکارانی شارەداریی کرماشان بە دەربڕینی ناڕەزایەتی لەم دۆخە، ڕایانگەیاندووە کە پێنەدانی مووچەکەیان، ژیان و بنەماڵەکانیانی تووشی قەیران کردووە.

یەکێک لە کرێکارەکان بە ئاماژە بە گوشارەکانی بژێوی ژیان بە هۆی دواکەوتنی مووچەکەی ڕایگەیاندووە کە کێشەی بژیوی ژیان، کێشەی زۆرتری بەدواوی خۆیدا هێناوە.

بەرپرسانی ڕێژیم تاکوو ئێستا هیچ هەوڵێکیان بۆ پێبژاردنی مووچە دواکەوتووەکان نەداوە و ئەم کرێکارانە چەندین جار سەردانی ناوەندە پێوەندیدارەکانیان کردووە بەڵام هیچ وڵامێکی ڕوونیان وەرنەگرتووەتەوە.

کرێکارانی ئەم شارەدارییە بە ئاماژە بە تێچووی زۆری ژیان و مووچەی کەمی خۆیان خوازیاری هەوڵی خێرا و دەسبەجێی بەرپرسان بۆ پێدانی مووچەکانیان بوون.

بەپێی ئاماری ساڵانەی ناوەندی ئامار، بڵاوکردنەوە و بەرهەمەکانی کۆمەڵەی مافی مرۆڤ لە ئێران لە ساڵی ١٤٠٣دا، دواکەوتن یان پێنەدانی لانیکەم ٥٩٢ مانگ مووچە بۆ زیاتر لە ١٨ هەزار کرێکار تۆمار کراوە.