
بەڕێوەبەری گشتیی شیرکەتی "تەوانیر"ـی ئێران، باسی لە دەسپێکی دووبارەی پچڕانی کارەبا لە هەموو پارێزگاکان کردووە.
مستەفا ڕەجەبی مەشهەدی ڕایگەیاندووە کە بەهۆی گەرمبوونی کەشوهەوا و زیادبوونی بەکارهێنانی کارەبا لە وەرزی هاویندا، ڕۆژانە دوو کاتژمێر کارەبای گشتی و ماڵان دەپچڕێت.
بەم پێیە، دەوڵەت پاش تەواوبوونی شەڕ، بۆ جارێکی دیکە ڕەوتی پچڕانی کارەبای خەڵک دەگرێتەوە بەر. ئەمە لەکاتێکدایە کە لە ماوەی ١٢ ڕۆژی شەڕدا، کارەبا بە شێوەی بەردەوام هەبوو.
هەندێک لە لێکۆڵەران و هەروەها بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لەسەر ئەو بڕوایەن کە ڕێژیم لە کاتی شەڕدا نەیوێراوە کارەبای خەڵک بپچڕێنێت تاکوو پێش بە ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانی خەڵک لەم بوارەدا بگرێت. لەلایەکی دیکەوە ژمارەیەک لە کارناسان نەپچڕانی کارەبایان لە ماوەی شەڕدا بۆ پشووی گشتیی زۆرینەی ئیدارەکان و پیشەسازییەکان گەڕاندووەتەوە و ڕایانگەیاندووە کە لەم ماوەیەدا بەهۆی کارنەکردنی شوێنە دەوڵەتییەکان و هەروەها بەشێکی زۆر لە پیشەسازییەکان، کارەبا بە ڕێژەی پێویستی خەڵک هەبووە.
ماوەی زیاتر لە ساڵێکە کە دەوڵەت بەهۆی نەبوونی توانای پێویست بۆ دابینکردنی کارەبا، بەردەوام کارەبای خەڵكی پچڕاندووە.
سەرەتا کەمبوونی کارەبا و پچڕانی تەنیا تایبەت بە وەرزی هاوین بوو، بەڵام دواتر بە قووڵبوونەوەی قەیرانەکە، پچڕانی کارەبا وەک ڕووتینێکی ڕۆژانە بوو بە میوانی ماڵ و پیشەسازییەکانی خەڵکی ئێران لە هەر چوار وەرزی ساڵدا.