
ئەنجومەنی سینفیی بازاڕە ئینتێرنیتییەکان لە ئێران ڕایگەیاندووە کە ئاڵۆزییەکان و پچڕانی ئینتێرنێت خەسارێکی قەرەبوونەکراوی بە بازاڕی دیجیتاڵ و فرۆشگا ئینتێرنێتییەکان گەیاندووە.
ئەم ئەنجومەنە لە نامەیەکی سەرئاوەڵادا داوای لە وەزیری پێوەندییەکان و بەڕێوەبەرانی شیرکەتەکانی ژێرخانی پێوەندییەکان کردووە تاکوو بە زووترین کات ئاڵۆزییەکانی ئینتێرنێت لە ئێران چارەسەر بکەن.
ئەم ئەنجومەنە خەسارەکانی پچڕانی ئینتێرنێتی بۆ هەر یەک کاتژمێر، زیاتر لە یەک میلیۆن و ٥٠٠ هەزار دۆلار ڕاگەیاندووە و زیادیشی کردووە کە سەرووی ٤٠٠ هەزار پیشە و کەسابەتی بچووک و مامناوەند کە بژیوی ژیانی میلیۆنان کەسی لە ئێران دابین کردووە، بەم هۆیەوە کەوتووەتە ژێر مەترسی لەنێوچوونی یەکجارییەوە.
ڕێژیمی ئێران هەر لە یەکەم ڕۆژەکانی دەسپێکی شەڕەوە بە مەبەستی سانسۆرکردنی زانیارییە ڕاستەکان و پێشگرتن لە دروستبوونی خۆپیشاندانەکان، ئینتێرنێتی بۆ ماوەی زیاتر لە سێ ڕۆژ بە تەواوەتی پچڕاند و پاشان بە شێوەیەکی لاواز و پچڕپچڕ، ئینتێرنێتی هێندێک لە ناوچەکانی کارا کردەوە.
بە تەواوبوونی شەڕ و تێپەڕبوونی دوو حەفتە بە سەر ئاگربەستدا، هێشتا ئینتێرنێت بە تەواوەتی لە ئێران کارا نەکراوەتەوە و ئاڵۆزییەکانی بەردەوامە و ژیانی ڕۆژانەی خەڵکی تووشی کێشە کردووە.
دۆخی خراپی ئینتێرنێت لەکاتێکدایە کە میدیاکانی ڕێژیم لەهەوڵدان تاکوو هۆکارەکە بە هێرشی سایبێریی دوژمنەوە گرێ بدەنەوە.
هەواڵدەریی "فارس"، سەر بە سپای پاسداران لەم پێوەندییەدا ڕایگەیاندووە کە هۆکاری خاوبوونی ئینتێرنێت، هێرشە سایبێرییەکانە و زیادیشی کردبوو کە ئەم هێرشانە بۆ ژێرخانەکانی پێوەندییەکان ڕۆژانە بەردەوامە و چڕتریش دەبێتەوە.
ئەم ئیددیعایانە لەکاتێکدایە کە پێشتر خودی بەرپرسانی ڕێژیم هۆکاری پچڕانی ئینتێرنێتیان بۆ بەرپرچدانەوە بە هێرشی فڕۆکە بێفڕۆکەوانانەکەی ئیسرائیل لە نێو ئێراندا گەڕاندبووەوە.