
سەرۆکوەزیرانی لوبنان ڕۆژی شەممە ١٤ـی پووشپەڕ، لەهەمبەر مانۆڕی ژمارەیەک لە چەکدارانی گرووپی حیزبوڵڵای لوبنان لە شەقامەکانی بەیرووتدا، کاردانەوەی نیشان دا.
نەواف سەلام لەم پێوەندییەدا لە هەژماری ئێکسی خۆیدا ڕایگەیاند کە ئەم هەوڵە جێگای قەبووڵکردن نییە و زیادیشی کرد کە داوا لە وەزیرانی دەوڵەتی لوبنان و دادگا دەکات تاکوو بۆ کاردانەوە بەم ڕووداوە هەوڵە بەپەلەکانیان دەست پێ بکەن.
بەپێی زانیارییەکان، لە ڕۆژانی ڕابردوودا ژمارەیەک لە چەکدارانی حیزبوڵڵای لوبنان کە لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە پشتیوانییان لێ دەکرێت، لە شەقامەکانی بەیرووتدا بە چەکەوە مانۆڕ ئەدەن.
ئەمە هەوڵانەی حیزبوڵڵا لەکاتێکدایە کە بەپێی ڕێککەوتن لەگەڵ ئیسرائیل دەبێت بە زووترین کات چەکەکانیان ڕادەستی دەوڵەتی لوبنان بکەن.
گەڕانی ئەم چەکدارانە بە نێو شەقامەکانی بەیرووتدا کاردانەوەی زۆری لەلایەن بەرپرسانی باڵای لوبنان و هەروەها ڕای گشتی لێ کەوتووەتەوە.
ئەم هەوڵانە دەتوانێت بەیرووت و لوبنان بۆ جارێکی دیکە بکاتە گۆڕەپانی فڕۆکە شەڕکەرەکانی ئیسرائیل و خەساری قەرەبوونەکراو بە وڵاتەکە بگەیەنێت.
بەرپرسانی ئیسرائیل پێشتر ڕایانگەیاندووە کە بە هیچ شێوەیەک ڕێگە نادەن حیزبوڵڵای لوبنان چەکی بە دەستەوە بمێنێت و بگەڕێتەوە بۆ خاڵە سنوورییەکانی لوبنان لەگەڵ ئیسرائیل.