کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەرکەوتنی عەلی خامنەیی پاش ٢٣ ڕۆژە لە دەسپێكی شەڕ

10:37 - 15 پووشپەڕ 2725

ئێوارەی ڕۆژی شەممە ١٤ی پووشپەڕ، عەلی خامنەیی ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران پاش ٢٣ ڕۆژ خۆحەشاردان، بۆ یەکەم جار لە ڕێوڕەسمی ماتەمینی شەوی عاشوورا دەرکەوت و بەشداریی ئەم ڕێوڕەسمەی کرد.

ئەمە یەکەمین دەرکەوتنی خامنەیی پاش هێرشە بەربڵاوەکانی ئیسرائیل بۆ سەر تارانە.

هاوکات لەگەڵ دەسپێکردنی شەڕەکە کە بە هێرشەکانی ئیسرائیل لە نیوەشەوی ٢٣ی جۆزەرداندا دەستیان پێ کرد، عەلی خامنەیی بە خۆی و بنەماڵەکەیەوە لە شوێنێکی پارێزراو خۆیان حەشار دا.

لە ماوەی ١٢ ڕۆژەی شەڕەکەدا و دوو ڕۆژ پاش ڕاگەیاندنی ئاگربەستەکە، خامنەیی سێ جار پەیامی ڤیدیۆیی بڵاو کردەوە و لە کۆتاییشدا، سەرەڕای شکستی گەورەی ڕێژیمەکەی، خۆی و ڕێژیمەکەی بە براوەی شەڕەکە زانی و پیرۆزبایی ئەم سەرکەوتنەی کرد.

شوێنی مانەوەی خامنەیی بە شرۆڤەی گرتە ڤیدیۆییەکان، شوێنێکی دوورەدەست و بە بێ ئیمکانات بوو و کوالێتیی دەنگوڕەنگی خامنەیی لەم ڤیدیۆیەدا سەلمێنەری ئەم بابەتە بوو.

گۆڕدرانی ڕەنگی ڕوخسار و شرۆڤەی هەڵسوکەوت و شێوازی قسەکردنی خامنەییش لەو سێ گرتە ڤیدیۆییەدا بوو بە جێگای باس و شرۆڤەی جیاوازی لەسەر کرا.

لە ماوەی ١٢ ڕۆژ شەڕی نێوان ئیسرائیل و کۆماری ئیسلامیدا یەکێک لە بابەتە گرینگەکان خۆ شاردنەوەی خامنەیی بوو، ڕێبەرێک کە پێشتر بەرپرسانی ئەمریکایی و ئیسرائیلیی بە ترسنۆک ناو دەبرد و ئیدعای ئەوەی دەکرد کە بەرپرسانی ڕێژیم بە لەبەرکردنی کفن و جلی شەڕ لە ڕیزی پێشەوەی شەڕ بۆ پاراستنی ڕێژیم دەبن.

لە ماوەی ١٢ ڕۆژ شەڕی نێوان ئیسرائیل و کۆماری ئیسلامیدا کە دواتر ئەمریکاش هاتە نێو شەڕەکەوە، ژێرخانە سەربازییەکان، فەرماندە باڵاکانی سپای پاسداران و دامەزراوە ناوکییەکانی ڕێژیم بە تەواوی لەنێو چوون.