
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ڕێژیمی ئێران لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ میدیاکانی ئەمریکا ڕایگەیاند، بە دوور نازانرێت لە چەند ڕۆژ یان حەفتەی داهاتوودا دانوستانە ناوکییەکان لەگەڵ ئەمریکا دەست پێ بکاتەوە. جەختیشی لەوە کردەوە کە تاران سەرەتا دەبێت دڵنیابێت لەوەی کە ئەمریکا لە کاتی دانوستانەکاندا هێرشێکی نیزامیی دیکە ئەنجام نادات.
وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕۆژی دووشەممە ٩ی پووشپەڕلە وتووێژ لەگەڵ پەیامنێری کەناڵی ''سی بی ئێس'' وتی: ''هەرچەندە ئێمە دانوستان ناکەین، بەڵام ڕێگای وتووێژ و دیپلۆماسی داناخرێت و هەرگیز دەرگاکانی دیپلۆماسی بەڕووماندا داناخرێن''.
ناوبراو لە درێژەدا سەبارەت بە بەرنامەی پیتاندنی ئێران وتی: ''هەرچەندە دامەزراوە ناوکییەکانی ئەو وڵاتە زیانیان بەرکەوتووە، بەڵام تێکنۆلۆژیی پیتاندن و زانیاری بە بۆردومان لەناو ناچێت و تاران دەتوانێت لە ماوەی چەند مانگێکدا ڕەوتی پیتاندن دەست پێ بکاتەوە''.
لەلایەکی دیکەوە وەزیرانی دەروەی وڵاتانی گرووپی حەوت لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا ڕایانگەیاند کە پشتیوانی لە ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و کۆماری ئیسلامی دەکەن و هاوکات داوای دەسپێکردنەوەی وتووێژەکان بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنیکی تەواو سەبارەت بە پرسی ناوکیی ئێرانیان کرد.
لەو پێوەندییەدا دۆناڵد ترامپ، سەرۆککۆماری ئەمریکا، ڕۆژی یەکشەممە ڕایگهیاند کە له دوای هێرش بۆ سهر دامهزراوه ناوکییهکان، پێوهندییهکی لهگهڵ بهرپرسانی ئێراندا نهبووه و وتووەیەتی: ''لەگەڵ تاران دانوستان ناکەم و هیچ پێشنیارێکم بۆ ئێران نییه".