
بەرپرسانی ئورووپایی دەڵێن هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر دامەزراوە ناوکییەکانی ئێران تووڕەیی تارانی توندتر کردووە و دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتەی بۆ بەدەستهێنانی بۆمبی ناوکی پێداگرتر لە جاران کردووە.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕۆژنامەی ''واشنگتۆن پۆست''، سێ بەرپرسی ئورووپایی ڕایانگەیاندووە کە گەیشتن بە ڕێککەوتنێک بۆ سنووردارکردنی بەرنامە ناوکییەکەی ئێران زۆر گرینگە. وتوویانە هێرشەکانی ئەمریکا پاڵنەرێکی نوێ بۆ تاران بووە بۆ ئەوەی بە نهێنی بەرەو بەرهەمهێنانی چەکی ناوکی هەنگاو بنێت.
ئەم بەرپرسانە ئاماژەیان بەوە کردووە کە وڵاتانی ئورووپایی هێشتا هەوڵی دانوستانی ناوکی لەگەڵ ڕێژیمی ئێران دەدەن، بەڵام پێیان وایە هیوای گەیشتن بە ڕێککەوتن زۆر کەم بووەتەوە.
بە وتەی ئەوان، هەڵسەنگاندنە سەرەتاییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە هێرشەکانی ئەم دواییەی ئەمریکا بەرنامە ناوکییەکەی ئێرانی هەڵنەوەشاندووەتەوە.
بەرپرسێکی ئورووپایی بەو ڕۆژنامەی ڕاگەیاندووە کە هەڵسەنگاندنە سەرەتاییەکانی ئورووپا ئاماژە بەوە دەکەن کە هێرشەکانی ئەمریکا زیانێکی زۆریان بە دامەزراوەکانی پیتاندن لە فۆردۆ و نەتەنز و ئێسفەهان گەیاندووە، بەڵام بەرنامە ناوکییەکەی ئێرانی لەنێو نەبردووە.