
ڕۆژی هەینی ١٣ی پووشپەڕی ١٤٠٤، کاک خەلیل حوسێن دووست کوڕی عەبدولقادر و لەدایکبووی سالی ١٣٠٩ لە ئاوایی بێمزورتێ سەر بەشاری شنۆ، کۆچی دوایی کرد.
کاک خەلیل دوای سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران و ڕووخانی ڕێژیمی پاشایەتی، پەیوەندی بە ڕیزەکانی تەشکیلاتی نهێنیی حیزبەوە دەگرێ و بەهۆی ڕاپەڕاندی ئەرکی حیزبی و کار و چالاکی وەک ئەندامی نهێنیی حیزبی دێموکرات ساڵی ١٣٦٥دا لەلایەن ڕێژێمی تازە بەدەسەڵات گەیشتووی ئاخوندییەوە دەسبەسەر دەکرێ و بۆ ماوەی ٣ مانگ لە زیندانی دەریای ورمێ دسبەسەر دەکرێ.
ناوبراو کەسایەتییەکی کۆمەڵایەتی و خۆشناو و نیشتمانپەروەری ناوچەکە بوو، لە چارەسەرکردنی پرس و کێشە کۆمەڵایەتیەکاندا مرۆڤێكی ئەمین بوو و هەموو کات لایەنگری ئاشتی و تەبایی بوو و لە کۆڕ و دانیشتەکاندا باسی قارەمانەتی و ئازایەتیی پێشمەرگەی بۆ لاوان دەکرد و لاوانی گوند و ناوچەکەی هان دەدان کە لە بەجێگەیاندنی ئەرکی نیشتمانی دەرێغی نەکەن.
ناوبراو تا دوایین ساتەکانی ژیانی وەفادار بە ڕێبازی حیزبی دێموکرات مایەوە.
ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەم بۆنەوە سەرەخۆشی لە بنەماڵە و خزم و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.