
لە کاتی شەڕی ١٢ ڕۆژەی نێوان ئیسرائیل و ئێران، لە ڕێکەوتی ٢ی پووشپەڕی ١٤٠٤، ئیسرائیل زیندانی ئێڤینی کردە ئامانج کە بەرپرسانی ڕێژیم سەرەڕای ئەوەی کە ڕاستییەکان و ڕێژەی زیانەکانی ئەو زیندانەیان نەخستووەتە ڕوو، تەنانەت هەڕەشەیان لە بنەماڵەی کوژراوان کردووە کە هیچ نەدرکێنن.
بەپێی زانیارییەکان و ئەو ڕاپۆرتانەی کە بڵاو بوونەتەوە، هەر لە یەکەم کاتژمێرەکانی ئەو هیرشەوە، بنەماڵەی زیندانییان بە نیگەرانییەوە چاویان لە پشت دەرگا داخراوەکانی زیندانی ئێڤین بوو؛ بەڵام وڵامی کاربەدەستانی ڕێژیم جگە لە ترساندن و هەڕەشە و بێدەنگکردن هیچی تر نەبووە.
هێزە لیباس شەخسییەکانی و هێزەکانی ئیتلاعات هاتنە نێو مەیدان و دۆخەکەیان کۆنترۆڵ کرد. بنەماڵەکانیان ناچار دەکرد ژمارەی تلفۆنەکانیان بدەن و بڕۆن؛ بریندار و مردووەکانیان شاردەوە؛ تەنانەت مانگی سوور و خزمەتگوزارییە فریاگوزارییەکان و بەشی ئاگرکوژێنەوەش ناچار بوون بێدەنگ بن.
بەپێی زانیارییەکان بەڕێوەبەرانی ڕۆژنامەکان ئاگادار کراونەتەوە و هۆشدارییان پێ دراوە کە ڕاپۆرتکردن و کارکردن لەسەر هەر هەواڵێک سەبارەت بە زیندانی ئێڤین دەبێت بە هاواهەنگی و لە چوارچێوەی دیاریکراودا بێت.
بنەماڵەی زیندانییەکان پێیان وایە کە ژمارەی ئەو کەسانەی لە هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر زیندانی ئێڤین کوژراون لە ئاماری فەرمی کە ٧١ کەس ڕاگەیەندراوە، زیاترە.
باس لەوە دەکرێت کە بەشێک لە هێزەکانی لیباس شەخسییەکانی نێو زیندانی ئێڤین کە ناسنامەی ساختەیان هەبووە، هەروەها لێکۆڵەرەکانیش لە تەقینەوەکەدا کوژراون و هەر بەو هۆیەشەوە تا ئێستا کۆماری ئیسلامی ئامارێکی وردی ژمارەی کوژراوان ڕاناگەیەنێت و تەرمی کوژراوانی بە مەرجێک ڕادەست کردووە کە زانیارییەکان ئاشکرا نەکەن.
بۆچوونێکی دیکەش هەیە کە باس لەوە دەکات کە کۆماری ئیسلامی دەیەوێت ڕادەی زیانەکانی کەم بکاتەوە و ئەم ڕێژەیە نزمە بە بەڵگەی خۆڕاگری و هێز و پتەویی خۆی بزانێت.