
ڕۆژی شەممە ١٤ی پووشپەڕی ١٤٠٤ی هەتاوی، دۆناڵد ترامپ، سەرۆککۆماری ئامریکا ڕایگەیاند کە ڕێژیمی ئێران ڕێگا به چاوەدێریی بنکە ئەتۆمییەکانی نادات و هەروەها بەهەمهێنانی ئۆرانیۆم ڕاناگرێت.
دۆناڵد ترامپ دوای ڕێوڕەسمی ڕۆژی سەربەخۆیی ئامریکا، ڕایگەیاند کە ئامریکا بە هێرش بۆ سەر بنکە ناوکییەکانی ڕێژیم، زیانی زۆری بەو دامەزراوانە گەیاندووە و هەروەها ڕایگەیاندووە کە ئامریکا ڕێگا بە ڕێژیمی ئێران نادا چالاکییه ناوکییەکانی دەست پێ بکاتەوە.
دۆناڵد ترامپ هەروەها باسی لەوە کرد کە بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران خوازیاری ئەوەن کە دانوستان لەگەڵ ئامریکا بکەن بەڵام ئامریکا بۆ بابەتی ناوکی لەگەڵیان ناسازێ.
بڕیار وایە ڕۆژی دووشەممە ١٦ی پووشپەڕ، ترامپ لەگەڵ بێنیامین نێتانیاهوو سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل کۆ ببێتەوە و لە کۆبوونەوەکەیاندا باسی ڕێژیمی ئێران و ئەگەری ئاگربەست لە غەززە بکەن.
ڕۆژی هەینی ١٣ی پووشپەڕی ١٤٠٤ی هەتاوی، ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکی سەبارەت بە توندبوونی هێرشەکانی ئامریکا و ئیسرائیل بۆ سەر بنکە ناوکییەکانی ڕێژیمی ئێران، چاوەدێرانی خۆی لە ئێران بانگ کردەوە.
لە شەڕی ١٢ ڕۆژی ئیسرائیل و ڕێژیمی ئێراندا، ئیسرائیل بە هاوکاریی ئامریکا، دامەزراوە ناوکییەکانی ڕێژیمی ئێرانی لەنێو برد.
"ڕافائیل گروسی"، سکرتێری ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکی ڕایگەیاندبوو کە پێویستە ڕێژیمی ئێران سەبارەت بە چاوەدێریی بنکە ناوکییەکان، هاوکاریی ئاژانس بکات بەڵام ڕێژیمی ئێران هاوکارییەکانی لەگەڵ ئاژانس پەک خستووە.
ڕۆژی چوارشەممە ١١ی پووشپەڕی ١٤٠٤ی هەتاوی، مەسعوود پزشکییان سەرۆککۆماری ڕێژیمی ئێران، بەپێی پڕۆژەیەکی پێشنیاریی مەجلیسی ڕێژیم، هاوکارییەکانی خۆیان لەگەڵ ئاژانسی وزەی ناوکیی ڕاگرت و هەروەها "عەباس عێراقچی" وەزیری دەرەوەی ڕێژیم هاوکاریی ڕێژیم سەبارەت بە چاوەدێریی بنکە ناوکییەکانی ڕەت کردبووەوە.
لەو پەیوەندییەدا چەند وڵاتی ئورووپاییش ڕایانگەیاندبوو کە ئەگەر ڕێژیمی ئێران، چالاکییە ناوکییەکانی ڕانەگرێت، مێکانیزمی ماشە چالاک دەکەنەوە.