کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کچی فەرماندەی کوژراوی سپای پاسداران: شوێنهەلگرتنی وردی ئیسرائیل زیاتر لەو شتانەیە کە باس دەکرێت

16:17 - 15 پووشپەڕ 2725

مەهدیە شادمانی، کچی عەلی شادمانی، فەرماندەی قەرارگای ناوەندیی خاتەمولئەنبیا کە لە هێرشەکانی ئیسرائیلدا کوژرا، لە وڵامی لێدوانەکانی بەرپرسی ڕێکخراوی بەرگریی پەدافەندی غەیرەعامل نووسیویەتی کە باوکی مۆبایل و ئامێرە زیرەکەکانی پێ نەبووە و شوێنپێهەڵگرتنی ئیسرائیل لە واتساپ یان سیخوڕیی سونەتی و تاکەکەسی تێدەپەڕێت.

پێشتر غوڵامڕەزا جەلالی فەراهانی، بەرپرسی ڕێکخراوی بەرگریی پەدافەندی غەیرەعامل ڕایگەیاندبوو: "مەسنجێری واتساپ لە دۆزینەوە و تێرۆرکردنی هێندێک فەرماندە ڕۆڵی هەبووە و شوێنی ئیسماعیل هەنیەش بە هەمان شێواز دۆزراوەتەوە".

ناوبراو وتوویەتی، بەکارهێنانی هۆشی دەستکردیش لە ناسینەوەی دەنگی فەرماندەکان ڕۆڵی هەبووە.

ئەمە لەکاتێکدایە کە شیرکەتی ''مێتا'' خاوەنی واتساپ و ئینستاگرام بە توندی ئەو تۆمەتانەی کۆماری ئیسلامیی ڕەت کردووەتەوە کە ئیسرائیل ئەم پلاتفۆرمانە بۆ سیخوڕی بەکار دەهێنێت.

مەهدیە شادمانی لە درێژەی قسەکانیدا لە ستۆرییەکی ئینستاگرامدا دەڵێت: "شوێنی باوکم هەر چەند کاتژمێر جارێک دەگۆڕا، مۆبایل و ئامێری زیرەکیان نەبوو. پرۆتۆکۆڵی ئەمنی پەیڕەو دەکرا، بەڵام لە ڕۆژانی فەرماندەیی ستادی جەنگدا، چەندین جار لەلایەن ئیسرائیلەوە کرانە ئامانج. شوێنهەڵگرتنی وردی ئیسرائیل لە واتساپ یان سیخوڕیی سونەتی و تاکەکەسی تێدەپەڕێت".

هاوکات لەگەڵ شەڕی ١٢ ڕۆژە، کۆماری ئیسلامی بە تۆمەتی سیخوڕی دەستی بە گرتنی خەڵک کرد و لە هەمان کاتدا سنووردارکردنی ئازادیی میدیا و ئینتێرنێتی زیاد کرد.

ئەوە لەحاڵێکدایە کە کارناسانی سیاسی و ئەمنییەتی و تەنانەت هێندێک لە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی باسیان لەوە کردووە کە بەشێک لە کاربەدەسانی ڕێژیمی ئێران لە ناوەندە نیزامی و ئەمنییەتەییەکان پێوەندی و هاوکارییان لەگەڵ ئیسرائیل هەیە و زانیاریی ورد بە ئیسرائیل دەدەن.